وەزارەتی تەندروستی حاڵەتێكی دیكەی تووشبوونی تای خوێنبەربوونی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەویش ئافرەتێكی تەمەن 43 ساڵە لە سنووری پارێزگای دهۆك.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا، ئەویش ئافرەتێکی دانیشتووی شارەدێی شیلادزێ لە شارۆچكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکە.
ئافرەتە تووشبووەكە تەمەنی 43 ساڵە و پیشەی ئافرەتی ماڵەوەیە، لە هەمان خێزان و خوشکی حاڵەتەكەی پێشووە کە دوو هەفتەی پێشوو گیانی لە دەست دا.
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند كە ئێستا ئافرەتە تووشبووەكە لەژێر چاودێری چڕ و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و چارەسەر وەردەگرێت.
تا ئێستا سێ حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان دەسنیشانکراون، حاڵەتێکیان لە شاری دهۆک دوو هەفتە بەر لە ئێستا لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەست دا، حاڵەتی دووەم بە تەواوی چاکبووەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە، حاڵەتی سێیەمیش ئافرەتێكی دانشتووی شاری مووسڵە و ئێستا لە شاری هەولێر چارەسەر وەردەگرێت.
وەزارەتی تەندروستی داواشی لە هاووڵاتییان كرد ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بكەن و لە کاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشییەكە لەسەر ئاژەڵان تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە، یاخود لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست لەسەر هاووڵاتییان، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.