ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعوود پزشکیان سەرۆكى کۆماری ئێران لە کۆشکی کۆماری لە تاران، پێشوازیی لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد، هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆماری ئێران سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی نارد.
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، بە یاوەری ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی پارێزگاری کوردستان، ڕەزا ڕەحمانى پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ)، مەنوچەهر حبیبی پارێزگاری کرمانشا، فەرامەرز ئەسەدی سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆماری ئێران خۆشحاڵى خۆی به ئاستی پەیوەندیی باشی نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران نیشان دا و پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوانیان دووپاتکردەوە، هەروەها خواستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نیشان دا لە بەیەکەوەژیان و برایەتی و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا و جەختی لە برهودانى زياتری هاريكاريى هاوبهشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران كردهوه.
لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی سەردانیکردنی سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد بۆ هەولێری پایتەخت و پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى به هاوبهشى و پهيوهنديى مێژوویی کۆماری ئیسلامی ئێران و ههرێمى كوردستان لەسەر هەموو ئاستەکان دووپات کردەوە.
هەروەها تیشکی خستەسەر ئەو ڕێوشوێن و ئامادەکارییانەی کە ساڵانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارتکارانی ئێران و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق گیراوەتەبەر.
لە کۆتاییدا سەرۆک کۆماری ئێران سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نارد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.