بەرەبەیانی ئەمڕۆ هیندستان بە مووشەک و فڕۆکە هێرشی کردە سەر پاکستان و بەهۆیەوە 26 پاکستانی گیانیان لەدەسدتا و 46 کەسی دیکە برینداربوون، هەواڵەکە زۆر خێرا هەموو دنیای تەنی و نەتوە یەکگرتووەکان و زۆربەی سەرکردەکانی جیهان داوای دان بەخۆداگرتن لە هەردوو لا دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 7ـی ئایار حکوومەتی هیندستان رایگەیاند؛ نۆ ناوچەی لە پاکستان و کەشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان کردووەتە ئامانج و ئەو شوێنانەی بە "ئۆردوگای تیرۆریستان" ناوبرد و گوتی هێرشەکان "ئامانجدار، ورد و بە ئامانجی خۆ پاراستن لە تەشەنەکردنی گرژییەکان" ئەنجامدراون.
هاوکات پاکستان بەئامانجگرتنی سێ ناوچەی پشتڕاستکردەوە و هێرشەکەی بە "ترسنۆکانە" وەسفکرد. محەمەد ئیسحاق دەر، وەزیری دەرەوەی پاکستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند؛ "هەشت هاووڵاتیی بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستدا و 35 کەسی دیکە بریندار بوون". بەڵام هیندستان هیچ لێدوانێکی لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان رانەگەیاند.
کەمێک پێش ئێستا ئەحمەد شەریف چوودەری، گوتەبێژی سوپای پاکستان رایگەیاند؛ هیندستان شەش ناوچەی لە خاکەکەماندا کردە ئامانج و بەهۆیانەوە 26 کەس کوژران و 46 کەسیش بریندارن".
گوتەبێژی سوپای پاکستان دەڵیت؛ "چوار لە کوژراوەکان مەدەنین و یەکیان منداڵە و لە خاڵی سنووری کەشمیر لەلایەن سەربازانی هیندستانەوە تەقەیان لێ کراوە" و گوتیشی هەر لەو هێرشەدا چەند مزگەوتێک کراونەتە ئامانج و رووخاون.
ئەو گوتەبێژە باس لەوەش دەکات کە پاکستان پێنج فرۆکەی جەنگی و درۆنێکی هیندستانی خستووەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیندستان هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو گوتانەی سوپای پاکستانەوە نەبووە.
وەزارەتی بەرگریی پاکستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە "لە کات و شوێنێک" کە خۆیان هەڵیدەبژێرن، وەڵامی هێرشەکەی هیندستان دەدەنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز و فرانس 24 لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای سوپای هیندستانەوە رایانگەیاند؛ چەند چەند هاووڵاتییەکی هیندستانی بەهۆی هێرشی پاکستان بۆسەر ناوچەی کەشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان گیانیان لەدەستداوە.
شەڕی نێوان هیند و پاکستان کە هەردوو لا خاوەنی چەکی ئەتۆمین دوای ئەوە سەری هەڵدا کە ماوەیەک لەمەوبەر گرووپێکی چەکدار لە ناوچەی کەشمیر هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک گەشتیاری هیندستانی لە ناوچەی کەشمیر و زیاتر لە 32 کەسیان لێ کوشتن، نیو دەلهی ئیسلامئابادی بە بەرپرسیاریی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد، بەڵام پاکستان رەتی کردەوە هیچ رۆڵێکی بووبێت لە هێرشەکەدا.
ئێستا هیندستان چەند هێرشێکی کردووەتە سەر خاکی پاکستان و رووبەڕووی هەڕەشەی تۆڵە ئەستاندنەوەی پاکستان بووەتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی و زۆربەی سەرکردەکانی جیهان و لەناویاندا سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە پاکستان دەکەن دان بەخۆیاندا بگرن و هەوڵ بدەن لە رێگەی دانوستانەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە پاکستان لە پەیامێکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی هیندستانی بە پارێزراو زانی و گوتی؛ "بەپێی مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان مافی خۆمانە وەڵامی هێرشەکە بدەینەوە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی؛ "تازە ئاگاداریان کرمەوە کە هیندستان هێرشی کردووەتە سەر پاکستان، ئەوە جێگەی شەرمە و دەبێت هەردوو وڵات ئەو شەڕە رابگرن، من گەشبینم بەوەی ئەو کێشەیە کۆتاییدێت".
هەرچەند سەرۆکی ئەمەریکا هێرشی هیندستانی بە بابەتێکی چاوەڕوانکراو وەسفکرد و گوتی ئەوان دەیان و سەدان ساڵە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن و لە شەڕدان، بۆیە ئەو هەواڵە چاوەڕوانکراو بوو".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.