ئەمریکا، سەرجەم کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران لە جیهاندا دادەخرێن و ئەگەر فڕۆکەیەکی ئێرانی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی جیهاندا بنیشێتەوە نابێت هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکەش بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوول، سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سزاکانی واشنتۆن بۆ سەر تاران، لە ڕۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران لەسەر ئاستی جیهان دادەخرێن و ڕووبەڕووی گەمارۆی توند دەبنەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند: ئەگەر فڕۆکەیەکی ئێرانی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی جیهاندا بنیشێتەوە، نابێت هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکەش بکرێت، وەک دابینکردنی سووتەمەنی، خزمەتگوزاریی نیشتنەوە، یان فرۆشتنی بلیتی گەشت.
بیسێنت جەختی کردەوە، هەر وڵات یان کۆمپانیایەک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت و هاوکاریی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران بکات، ئەوا ڕاستەوخۆ لە سیستەمی دۆلاری جیهانی دوور دەخرێتەوە و ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبێتەوە.
لە پاڵ ئەم ڕێکارانەدا بۆ کەرتی ئاسمانی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە سزای بانکی و دارایی زیاتر هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوانە دەسەپێنرێن، بە مەبەستی پەکخستنی تەواوەتیی تواناکانی دارایی و گواستنەوەی ئێران و فشارخستنە سەر تاران بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.