ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەسەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی 9 خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ڕایگەیاند: بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.
لەو ڕووەشەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادە بکەن بە مەبەستی پەسەندکردنی و دواتر گشتاندنی پێ بكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ زوو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تابتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسییەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.
تا ئێستا دۆسییەی زیاتر لە 7500 خانەنشین تەواو بووە کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشینبوونیان دەرچوو بوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 6 هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.