ئۆکراینا شەوی رابردوو بە دەیان درۆن هێرشی کردە سەر رووسیا و بەهۆیەوە گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ و چەند شاری دیکەی ئەو وڵاتە وەستان.
ئەمرۆ سێشەممە 6ی ئایاری 2025، رووسیا رایگەیاند بەهۆی چەند هێرشێکی ئۆکراینا چەند فرۆکەخانەیەکی وڵاتەکەی داخراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە رووسیا بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو بە مەبەستی یادکردنەوەی سەرکەتنیان بەسەر نازیەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەم.
رۆژی هەینی ڤلادیمێر پوتین نیازی هەیە میوانداری نزیکەی 20 سەرکردەی بیانی بکات بۆ نمایشێکی سەربازی بەرفراوان، بەڵام ئەم هێرشەی ئۆکراینا ڕەنگە هەموو شتێک بگۆڕێت.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگردی دژە فرۆکە رێگریان لە 19 فرۆکەی بێ فرۆکەوان کردووە و نەیان هێشتووە ئامانجەکانیان بپێکن.
ڕوونیشی کردەوە کە پاشماوەکان کەوتوونەتە سەر شەقامێکی سەرەکی لە باشووری مۆسکۆ، ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
دوای هێرشەکە، چوار فڕۆکەخانەی پایتەخت کە بریتین لە شێرمێتیڤۆ، دۆمۆدێدۆڤۆ، ڤنۆکۆڤۆ و ژوکۆڤسکی- داخران، بەپێی ئاژانسی ڕۆزاڤیاتسیای ڕووسیا.
هەروەها بەهۆی هێرشێکی دیکەی فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە شاری کورسک، دوو هەرزەکار تەمەن ١٤ و ١٧ ساڵ بریندار بوون و بە گوتەی پارێزگاری ناوچەکە کارەبای ئەو ناوچەیە بڕاوە.
ڕووسیا پێشنیاری ئاگربەستی سێ ڕۆژەی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنیان بەسەر نازییەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا،بەڵام ئۆکراینا بەهیچ جۆرێک باسی ئەوەی نەکردووە پابەند دەبێت یان نا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.