Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 12:06

كۆمیسیۆن : تا ئێستا داتای یه‌ك میلیۆن هاوڵاتیی نوێكراوه‌ته‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی 25ی نیسانی 2025، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان رایگه‌یاندووه‌: نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە سەرجەم پارێزگاكان بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشكردووه‌: تا ئێستا نزیكەی یەك ملیۆن تۆماری دەنگدەران تۆماركراوەو پرۆسه‌كه‌ش لە ڕۆژانی هەینی و شەممەش به‌رده‌وامه‌.

 عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاندووه‌: ئێستا پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە نزیكەی 1079 ناوەندی تۆماركردن لە سەرانسەری ناوچەی جوگرافیای هەڵبژاردنەكاندا بەڕێوەدەچێت، كە لە 24 یان 25ی مانگی ڕابردوو دەستیان بە كاركردن كردووە، ڕۆژانەش لە كاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوامە به‌ ڕۆژانی پشووشه‌وه‌.


عیماد جەمیل راشیگه‌یاندووه‌: مەبەست لە درێژكردنەوەی ماوەی نوێكردنەوەكە ئەوەیە كە دەرفەت بدرێت بە فەرمانبەران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەرتی تایبەت بۆ نوێكردنەوەی داتاكانیان، بەتایبەتی كە بەدەستهێنانی كارتی بایۆمەتری پێویستە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.


عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو : ناوەندەكانی تۆماركردن بەدوای زیادكردنی ڕێژەی نوێكردنەوەدا دەگەڕێن لەڕێگەی ناردنی تیمی مۆبایل بۆ زانكۆكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت و ناوچەی نیشتەجێبوون، و وتیشی: هاووڵاتیان دەتوانن داتاكانیان لە هەر ناوەندێكی تۆماركردندا نوێبكەنەوە، تەنانەت ئەگەر خەڵكی پارێزگایەكی دیكەش بن، بەو پێیەی دەتوانن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا لە پارێزگا ئەسڵییەكەی خۆیان دەنگ بدەن.


عیماد جه‌میل ئاشكراشی كردووه‌: له‌ كۆمسیۆن دوێنێ پێنجشەممە، تا كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ داتاكان گەیشتە نزیكەی 890 هەزار حاڵەتی نوێكردنەوە و تۆماركردن، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەكە تا 23ی ئایار بەردەوام دەبێت.


سەبارەت بە ناوچە دوورەكان، عیماد جەمیل دووپاتی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌: كۆمسیۆن تیمی مۆبایل جێگیر دەكات بۆ نوێكردنەوەی داتای دانیشتووان لەو شوێنه‌، هەروەها ڕێژەیەكی بەرز له‌ داتای ئاوارەكان لەم ڕووەوە بەدەست هاتووە.

 ئاماژەی بەوەشكردووه‌: ژمارەی ئاوارەكانی تۆماركراو لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 گەیشتە 120 هەزار كەس، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2023 بۆ 42-45 هەزار كەمیكردووە و پێدەچێت لەم خولەدا زیاتر كەمببێتەوە، بەهۆی گەڕانەوەی زۆرێك لە هاوڵاتیان بۆ ناوچە سەرەتاییەكانی نیشتەجێبوونیان.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.