ئەمڕۆ هەینی شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراق گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
شاندەكە لەسەر بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سووریای كردووە و بە سەرۆكایەتی حەمید شەتڕی سەرۆكی دەزگای هەوڵگریی عێراق و بە بەشداری فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی نەوت و بازرگانی عێراقە.
شاندەكە بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببنەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: شاندەكە لەگەڵ لایەنی سووریا تاوتوێی بابەتەكانی هەماهەنگی زیاتر لەبواری تیرۆر، پاراستنی سنوورەكان، فراوانكردنی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات دەكەن.
راشیگەیاند: هەر لە كۆبوونەوەكاندا قسە لەسەر ئەگەری گواستنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق بەنێو خاكی سووریا بۆ سەر دەریای ناوەڕاست دەكرێت.
سەردانی ئەم شاندە لەكاتێكدایە كە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە قەتەڕ چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا كەوتبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.