سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا ئامادەکارییەکانی بەستنی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
رۆژی سێشەممە 22ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد ئەلیەماحی سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کرد.
سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاویکردووەتەوە؛ "لە دیدارەکەدا کە شاخەوان عەبدوڵلا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بوو، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کرد. هەروەها کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو و خواستی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا".
زیاتر روونکراوەتەوە؛ "سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانیی هاریکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ پەرلەمانی عەرەبی کردەوە و داوای لێکردن رۆڵی خۆیان لە روونکردنەوەی راستییەکان و پشتیوانیکردنی سیستەمی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بگێڕن".
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ "ئامادەکارییەکانی بەستنی لوتکەی وڵاتانی عەڕەبی لە بەغدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.