سەرەتای ئەم هەفتەیە ئێران و ئەمەریکا بە ناوبژیوانی عومان لە رۆما کۆبوونەوەی دووەمیان ئەنجامدا و بەگوێرەی سەرۆکی شاندی ئەمەریکا، ئێران رازی بووە بەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60٪ـەوە دابەزێنێتەوە 3.67٪ و رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، تاران داوای لە واشنتن کردووە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا وەبەرهێنان بکات.
رۆژی دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، شاندی دانوستانکاری ئێران رۆژی شەممە 19ـی نیسان بە شاندی ئەمەریکای راگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دابەزێننەوە بۆ 3.67٪، پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو ئێران ئاستی پیتاندنی گەیاندووەتە سەروو 60٪ و چی وای نەماوە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 23ـی نیسان سێیەمین کۆبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت، عەلی واعیز، بەڕێوەبەری ژووری ئێران لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیران رایگەیاندووە؛ گفتوگۆکان چوونەتە قۆناخی تەکنیکییەوە و ئەوەش پێشانی دەدات کە گفتوگۆکان بە پێچەوانەی دروشمە سیاسییەکان، بە ئاراستەی هەڵگرتن و لەناوبرنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان نین.
نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانەکانیدا داوای لە ئەمەریکا کردووە سەرمایوگوزاری لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمەریکا هیچ وەڵامێکی بەم داواکارییەی تاران نەداوەتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە نیۆیۆرک تایمزی گوتووە؛ "ئێران ئامادەیی ئەوەی دەربڕیوە یۆرانیۆمی پاشەکەوتکراوی بگوازێتەوە بۆ رووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکەی ئەمەریکا پێشنیازی بکات".
هەر ئەمڕۆ رافایل گرووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ئیتاڵیا بە میدیاکانی راگەیاند؛ "هەموومان پێمانوابوو کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی ئێران و ئەمەریکا دوا کۆبوونەوەیان دەبێت و دانوستانەکان هەڵدەوەشێنەوە، بەڵام پێشبینییەکان پێچەوانە دەرچوون و ئێستا دانوستانەکە چووەتە قۆناخێکی نوێوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.