ئهمڕۆ پێنجشەممە لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى لە پیرمام، فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازیی لە ستافى کارگێڕى یانەى وەرزشى دهۆک کرد و میدالیای رێزلێنانی پێشكەش كردن.
لهدیدارەکەدا کە سیداد بارزانى و مەحموود محەمەد ئەندامانى دەستەى کارگێڕ و زەعیم عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و د.عەلى تەتەر پارێزگارى دهۆک ئامادەبوون، فازڵ میرانی وێڕای بهخێرهێنانی شاندى میوان ڕایگەیاند کە لە سەرەتا تا کۆتایى یاریی نێوان یانەى دهۆک و یانەى قادسییەى کوێتى هەموومان لەگەڵتان بووین و هاندەرى سەرکەوتنى یانەى دهۆک بووین.
هەروەها ئاماژەی دا کە سەرکەوتنى یانەى وەرزشى دهۆک سەرکەوتنى دهۆک و کوردستان و عێڕاقیش بوو، بۆیە بەناوى دەستەى کارگێڕی و مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان پیرۆزبایى لە خۆمان و لە ئێوە و سەرجەم یاریزانان و هاندەرانى یانەى دهۆک و خەڵکى کوردستان دەکەین بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییە.
هەروەها ڕۆڵى هاندەرانى هەردوو یانە و دامودەزگاکانى ئاسایش و تەناهى بەرز نرخێنرا لە بەرجەستەکردنى ئارامى یارییەکە و مەڕاسیمى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى کەنداو، نمونەیەکى جوانى شارستانى و گیانى وەرزشیان پێشکەش کرد.
دواتر سوپاسى سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەى دهۆک و پارێزگارى دهۆک کرا لە ڕۆڵى کاریگەر و بەرچاویان لە ئیدارەدان و پێشخستن تا سەرخستنى یانە دهۆک و بەدەستهێنانى جامى کەنداو و هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنى زیاتریان بۆ خواستن.
لە بەرامبەردا سەرۆکى یانەى دهۆک، سوپاسى بەرپرس و هەڤاڵانى دەستەى کارگێری مەکتەبى سیاسى پارتى کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پاڵپشتى بەردەوامیان بۆ یانەکەیان.
لە کۆتاییدا فازڵ میرانى میدالیاى سوپاس و ڕێزلێنانى پێشکەشى سەرۆک و ڕاهێنەرى یانەى دهۆک و هەروەها د. عەلى تەتەر پارێزگارى دهۆک کرد، هیواى پاراستنى ئەو سەرکەوتنە و بەدەستهێنانى سەرکەوتنى زیاتر بۆ یانەى وەرزشى دهۆک خوازرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.