ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه، به ئاماده‌بوونی هاوڵاتییانی ناوچه‌كه‌و به‌رپرسانی حیزبی و حكوومی یادی 38 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی بالیسان، شێخ وه‌سان له دەڤەری خۆشناوەتی كرایه‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2025.4.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، نوێنەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی24سەفینی پارتی و خدر مستەفا، بەرپرسی مەڵبەندی6ی سۆرانی یەکێتی و نوێنەری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و عێراق و قائیمقامى قەزایی شەقڵاوە و بەڕێوەبەرى گشتیی کاروبارى شەهید و ئەنفالکراوان و بەڕێوەبەرى ناحییەکانی بالیسان و سکتان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیان و جه‌ماوری ناوچه‌كه، له مه‌راسیمێكی شایستەدا له گۆڕستانی شه‌هیدان له ناحییەی بالیسان، یادی 38 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی بالیسان، شێخ وه‌سان، دەڤەری خۆشناوەتی بەرز ڕاگیرا.
له مه‌راسیمه‌كه‌دا تاجە گوڵینەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان و دام و دەزگا فەرمییەکانی حکوومەت لە سەر گڵکۆی شەهیدانی ئەو کارەساتە دانرا.
دواتر، ئومێد خۆشناو، نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەوتەیەکدا، وێڕای گەیاندنی سڵاوی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردیستان، ڕایگەیاند، ئەم دەڤەرە پارچەیەکی ئازیز و خۆشەویستیە و شایانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بایه‌خپێدانی زیاترە، لەوبارەیەشەوە دڵنیایی بە دانیشتووانی ناوچەکەدا، خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی دەڤەرەکە بکرێت و ئه‌وه‌ى له توانادا بێت بۆ خزمه‌تكردنی ناوچەکە درێغی لێنەکرێت.
داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئه‌خلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و سەرجەم بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە قەرەبوو بکاتەوە.
جێگەى باسە، له 16ـی نیسانی ساڵی 1987 رژێمی به‌عسی عێراقی ده‌ڤه‌ری خۆشناوەتی، بالیسان و شێخ وه‌سانی به چه‌كی كیمیایی بۆردومانكرد و لەئاکامیدا سه‌دان هاوڵاتی سڤیل شه‌هید و برینداربوون و ئه‌مه‌ش تاوانێكی دیكه‌ی رژێمی به‌عس بوو له چوارچێوه‌ی ئه‌و جینۆسایده‌ی كه دژ به گه‌لی كوردستان ئه‌نجامی دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.