پەرلەمانتارێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە هیچ كێشەیەك لەبەردەم نەناردنی مووچەی مانگی سێ نەماوە و بەر لە جەژن مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان وەردەگرن.
شوان كەلاری پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕالییەوە تەواو بووە و هیچ كێشەیەك لەبەردەم نەناردنی مووچە نەماوە.
هەروەها رایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە دەبێت بەر لە جەژن سەرجەم مووچەخۆران بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیشەوە مووچەی مانگی سێ وەربگرن.
شوان كەلاری ئاماژەی بەوەش دا كە پێبشینی دەكرێت سبەی سێشەممە تەیف سامی وەزیری دارایی فیدڕالی واژۆ لەسەر ناردنی تەمویلی مووچە بكات و پارە بگاتە لقی بانەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەم پەرلەمانتارەی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی كردەوە كە ئەگەر سبەی بڕیار لەسەر ناردنی مووچە نەدرا، بەدڵنیاییەوە دووسبەی چوارشەممە پارەكە دەگات، چونكە وەزارەتی دارایی فیدڕالی ئێستا تەنیا كێشەی نەختینە (سیوولە)ی هەیە و چاوەڕوان دەكرێت ئەویش بە خێرایی كە سبەی یان دووسبەیە چارەسەر بكرێت.
گوتیشی، هەر لەگەڵ گەیشتنی پارەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەكاری تەواو كراوە و لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا بەر لە هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان وەردەگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.