هەڵبژاردەی ژاپۆن بووە یەكەم هەڵبژاردە لە كیشوەری ئاسیا بەفەرمی خۆی بگەیەنێتە مۆندیالی 2026 دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی بەحرێن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵبژاردەی ژاپۆن لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە گەڕی حەوتەمی یارییەكانی پاڵاوتنی كیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، مێوانداریی هەڵبژاردەی بەحرێنی كرد.
هەڵبژاردەی ژاپۆن یارییەكەی بە ئەنجامی 2-0 بردەوە، هەردوو گۆلەكەش لە گێمی دووەمی یارییەكەدا لەلایەن یاریزانان دایچی كامادا و تاكیفوسا كوبۆ لە خولەكانی 66 و 87 تۆمار كران.
بەم سەركەوتنە هەڵبژاردەی ژاپۆن ژمارەی سەركەوتنەكانی لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ مۆندیال بەشێوەیەكی گشتی كردە 8 سەركەوتن و بەمەش بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ لە كۆمەڵەی سێیەم بووە یەكەم هەڵبژاردەی كیشوەری ئاسیا بگاتە یارییەكانی كۆتایی مۆندیالی 2026.
هەر لە كۆمەڵەی سێیەمدا هەڵبژاردەی ئوستڕالیاش بارودۆخی باشە و دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئەندۆنیسیای بردەوە و ئێستا بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لە ریزبەندی دووەم دێت دوای هەڵبژاردەی ژاپۆن.
هەر ئەمشەو پێنجشەممە و پاش كەمێكی دیكە لە كۆمەڵەی دووەمدا هەڵبژاردەی عێراق لەنێو یاریگەی بەسڕە مێوانداریی هەڵبژاردەی كوێت دەكات، هەڵبژاردەی عێراق لەم كۆمەڵەیەدا لە ریزبەندی دووەمدایە بە كۆكردنەوەی 11 خاڵ لە دوای هەڵبژاردەی كۆریای باشوور كە 15 خاڵی هەیە.
مۆندیالی 2026 بە هاوبەشی لە هەریەك لە وڵاتانی ئەمەریكا، مەكسیك و كەنەدا بەڕێوەدەچێت، لەم مۆندیالەدا یەكەمجارە ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكان لە 32 هەڵبژاردەوە بكرێن بە 48 هەڵبژاردە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.