Erbil 30°C دووشەممە 21 نیسان 16:48

نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت راگەیەنراوێك لەبارەی رێگرییەكانی ئەمڕۆی سوپا لە جوتیارانی كورد بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی رێگرییەكانی ئەمڕۆ دووشەممەی سوپای عێراق لە جوتیارانی كورد لە گوندەكانی سنووری پارێزگای كەركووك بڵاو كردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.

لە راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "ئەمڕۆ سوپای عێراق بۆ جارێکی تر لە دەوروبەری کەرکووک و بە تایبەتی گوندی شەناغە و چوار گوندی دیکەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رێگری لە جووتیارانی کورد کرد بچنە سەر زەوییەکانیان".

هەروەها هاتووە "ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەوپێشچوون هەبووە لە نەهێشتنی شوێنەواری بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لە گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی خەلکی ڕەسەنی ناوچەکە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش مانگی ڕابردوو پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پەسەند کرد".

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە.

جەختیشی كردەوە كە پێویستە هەرچی زووترە ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.