هه‌ر لە درێژه‌ى به‌رنامه‌كه‌يدا له کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 15ی شوباتی 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییه‌كانى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا تاوتوێ کران، هەروەها باسيان له چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارى سیاسی، ئابووری و ئەمنيدا كرد و تيشكيان خسته سەر پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر بره‌ودان به پەیوەندیی دۆستانه‌ى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ تورکیا له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش کردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەی به گرنگيى هاريكاريى هاوبەش لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکان، بەتایبەتی له بوارى ئاسایش و سەقامگیریى ناوچه‌كه‌دا، كرد.
لاى خۆیەوە، هاکان فیدان وه‌زیری ده‌روه‌ی توركیا خواستى تورکیای بۆ بەهێزکردنی زياترى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا نيشان دا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشانەوە لە ناوچەکەدا کردەوە.
پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و دۆخی سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.