Erbil 19°C ھەینی 14 ئازار 09:37

وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی عێراق دەكات

کوردستان TV
100%

بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی حكوومەتی راگوزەری سووریا سەردانی عێراق بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆببێتەوە.

بەشێك لە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردۆتەوە: ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی راگوزەری سووریا هەفتەی داهاتوو دەگاتە بەغدا.

ئەسعەد شیبانی لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كۆ دەبێتەوە.

سەبارەت بە سەردانی ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری حكوومەتی راگوزەری سووریا بۆ عێراق و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی كە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو لە بەغدا بەڕێوەبچێت، ئاماژەیان بەوە دا كە ئەمە پابەندە بە گۆڕانكارییەكانی سووریا لە داهاتوودا و تا ئێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە.

پێشتر عامر فائیز ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو: تا ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران بەفەرمی نامەی بانگهێشتنامەیان ئاراستەی ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا نەكردووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو یەكێك دەبێت لە بەشداربووانی كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا.

راشیگەیاندبوو: سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق پێشتر سەردانی دیمەشقی كردبوو و لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆببووەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە عێراق پەیوەندی فەرمی لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا هەیە.

بەپێی ئامادەكارییەكانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە كۆتاییەكانی ئایار (مانگی 5)ی ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.