Erbil 31°C یەکشەممە 16 ئاب 00:02

لە هەولێر زیاتر لە 14 هەزار سەگی بێلانە براونەتە شێلتەر

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر ئاشكرای دەكات كە پڕۆسەی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لە شێلتەر كارێكی ئێجگار زەحمەتە، ئاماژە بەوەش دەكات كە تا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار سەگی بێلانە كۆكراونەتەوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە شێڵتەرى سەگى بێلانە و کەمکردنەوەیان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، گوتی: ئەم سەگە بێلانانە جگە لەوەى لە ڕووى تەندروستییەوە هۆکارێک بوون بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان، دیاردەیەکى ناشارستانی بوو و هەروەها بڵاوبوونەوەیان ببووە هۆى مەترسى بۆ سەر گیانى هاووڵاتییان.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: لە کۆتایی ساڵى 2021 بیرمان لە کردنەوەى شێڵتەرێکى تایبەت بە کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کردەوە کە ئەوەش بۆ خۆى پڕۆسەیەکى ئاسان نەبوو، ئەوە بوو لە سەر ڕووبەرى زیاتر لە (20) دۆنم زەوی لە دەرەوەى شارى هەولێر، شێڵتەرێکى سەردەمیانەمان بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروست کرد.

هەروەها گوتی: دەست بە پڕۆسەى کۆکردنەوەى سەگى بێلانە کرا و لە ماوەى ڕابردوودا تا ئەمڕۆ 14 هەزار و 334 سەگى بێلانە لەو شێڵتەرە کۆکراوەتە، ئەوەش واتاى ئەوەیە كە زیاتر لە 14 هەزار کێشە لە ناو ئاوەدانى شار نەماوە و دوورخراوەتەوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: رۆژنامەنووسان ئازادن و دەتوانن بچنە ناو شێڵتەرەکە، یاخود بچن لەگەڵ تیمەکان بن لەو کاتەى کە دەست بە پڕۆسەى گرتنیان دەکەن تاکو شوێنی مانەوە و خواردنی سەگەکەکان بە چاوى خۆیان ببینن کە بە چ زەحمەتییەکەوە ئەو کارە دەکرێت و بۆ ڕای گشتیشی بیگوازنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.