ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی كۆن لە كانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا، پێشمەرگەیەك شەهید بوو.
سەرچاوەیەك بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیك گوندی بێقولكێ لە شارەدێی كانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا، مینێكی چێنراو بە پێشمەرگەیەك بەناوی محەمەد ئەحمەد مستەفا ناسراو بە (محەمەد سورچی) تەقییەوە.
راشیگەیاند: خاڵێكی پێشمەرگە لە نزیك گوندی بێقوڵكێ هەیە و ئەو پێشمەرگەیە بۆ راپەڕاندنی كاروباری خاڵە سەربازییەكە چووبووە ناوچەكە و لەوێ مینە چێنراوەكەی پێدا تەقیبووەوە.
هەروەها رایگەیاند: ئەو مینە چێنراوەی بە پێشمەرگەكەدا تەقیوەتەوە كۆنە و نازانرێ لە چ سەردەمێك و لەلایەن چ لایەنێكەوە دانراوەتەوە.
لای خۆشییەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند كە محەمەد ئەحمەد مستەفا پێشمەرگەی فەوجی 1ی لیوای 4ی پیادەی پێشمەرگەیە.
ئاماژەی بەوەش دا كە پێشمەرگە لە كاتی ئەركی سەربازی خۆیدا لە یەكێك لە خاڵە سەربازییەكان لە شارەدێی كانی ماسێ بەهۆی مینێكی كۆنی چێنراوەوە شەهیدبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.