فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا کە ڕژێمی بەعسی لەو وڵاتە ڕووخاند، بڵاویکردەوە لە پارێزگای حومس ئۆپەراسیۆنی "ئەمنیی" بۆ سەر ئەو سەربازانەی ڕژێمی پێشوو کە چەکەکانیان ڕادەست ناکەن فراوان کردووە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی سووریا (SANA) کە بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنیی بڵاویکردووەتەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی دوێنێ لە ناوچەکانی وادی زەهەب و عیکریمە لە ناوەندی شاری حومس دەستیانپێکردووە، فراوان کردووە.
لەو چوارچێوەیەشدا کاتەکانی نیوەڕۆ تیمەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان چوونە گەڕەکەکانی عەباسیە، سەبیل، زەهرا و موهاجیرین و دەستیان بە هەڵمەت کرد بۆ دەستگیرکردنی سەربازەکانی ڕژێمی ڕووخاو.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە هەشتی کانوونی یەکەمدا، لێبووردنی گشتیی دەرکرد و لە زۆرێک لە پارێزگاکان ناوەندی ئاشتەوایی کردەوە و، داوای لە سەربازانی ڕژێمی ڕووخاو کرد لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەکەکانیان ڕادەست بکەنەوە.
پێشتریش فەرماندەییەکە لە پارێزگاکانی وەک تارتوس و لازقيیە ئۆپەراسیۆنی فراوانی هاوشێوەی ئەنجامداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.