وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیارە حكوومەتی عێراق بڕە نەوتێكی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لە كاتی گەیشتنیشیدا بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئاگادارییەكدا بڵاوی كردەوە: بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق بڕە نەوتێكی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
بڵاویشی كردەوە: بڕە نەوتەكە 50 ملیۆن لیترە و زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان، ئەم بڕەش بەشی تەنیا 19% پێویستی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان دەكات.
هەروەها بڵاوی كردەوە: چاوەڕوان دەكرێت ئەم بڕە نەوتە بە چەند كاروانێك بگاتە هەرێمی كوردستان.
ئاماژەشی دا: هەر كاتێك نەوتەكە گەیشت، لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختیشی كردەوە كە ئەمساڵ تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێكی سپی وەك پشكی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە نەگەیشتۆتە هەرێمی كوردستان.
ئەمە لەكاتێكدایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زستانی ئەمساڵ بە نرخی پاڵپشتیكراو، توانیویەتی 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 1 ملیۆن و 215 هەزار خێزان دابەش بكات، واتە رێژەی 86%ی كۆی گشتی خێزانانی هەرێمی كوردستان نەوتەكەیان بەسەردا دابەشكراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.