لە شەوی سەری ساڵدا لە نەخۆشخانەی كەركووكی فێركاری دوو ئافرەت منداڵی سێیانەیان بوو و ئێستا دوو دایكەكە و هەر شەش منداڵەكە تەندروستییان زۆر باشە.
مەحموود ماهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێركاری كەركووك رایگەیاند: لە خولەكانی كۆتایی شەوی رابردوودا رێكەوتی 31/12/2024 بەپەلە دوو ئافرەتی سكپڕ گەیەنرانە نەخۆشخانەی فێركاری كەركووك.
راشیگەیاند: هەردوو ئافرەتەكە راستەوخۆ رەوانەی ژووری نەشتەرگەری كران.
هەروەها رایگەیاند: هەردوو ئافرەتەكە بە نەشتەرگەری منداڵی سێیانەیان بوو، واتە لە یەك كاتدا دوو ئافرەت 6 منداڵیان بوو.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێركاری كەركووك ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا تەندروستی دوو دایكەكە و هەر شەش منداڵەكە زۆر باشە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.