Erbil 7°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 20:53

سەرۆک بارزانی: هیوادارین لە ساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوە ژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت

کوردستان TV
100%


 سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی به‌ بۆنه‌ی  سەری ساڵی تازەی زایینی بڵاوكرده‌وه‌.

 له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییدا هاتووه‌، بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌شڵێ، جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێ، جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن.

 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییدا هاتووه‌، لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن. ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە. دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ڕایده‌گه‌ێنێت،هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدوور بێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.