Erbil 26°C شەممە 19 نیسان 16:09

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌مه‌ریكا: کۆنگرێس له‌ ساڵی نوێدا به‌ یاسایه‌ك پشتیوانی خۆی بۆ پێشمه‌رگه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%


كۆنگرێسی ئه‌مریكا پشتیوانی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.

 نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا راگه‌یاند، کۆنگرێس یاسایەک پەسەند دەکات کە پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان دەکات و باسی پشتیوانیی زه‌مینی و ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆپارێزیی هه‌رێمی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌كات.

تریفه‌ عه‌زیز، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، هەفتەى ڕابردوو، کۆنگرێسى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا یاسای دەسەڵاتپێدانى بەرگریی نیشتیمانى (بودجەى وەزارەتى بەرگرى) بۆ ساڵى 2025 پەسەند کرد، کە پشتگیریى زیاتر بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت كه‌ سەرۆک بایدنیش لە ڕێکەوتى 24ی12ی2024، لە ئێوارەى جەژنى کریسمیس دا واژۆى لەسەر یاسایەکە کرد و دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

تریفه‌ عه‌زیز په‌یوه‌ست به‌ ورده‌كاری زیاتری پڕۆژه‌كه‌وه‌ گوتی، "لە یاساکەدا بودجە تەرخان کراوە بۆ پشتگیرى لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و مەشق و دابینکردنى کەلوپەل بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق. هەروەها بڕگەى تایبەت لەخۆ دەگرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنى کەلوپەلى سەربازى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە کاتى خۆیدا.

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌روه‌ها گوتیشی: "هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو، یاسای دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى بەردەوامە لە پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانى دژ بە داعش لە عێراق و سووریا. یاسای دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى بۆ ساڵى 2025، کۆنگرێس بڕى پارەى تەرخانکراوى بۆ سندووقى دابینکردنى کەلوپەل و مەشق و ڕاهێنان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر زیاد کردووە بەڕێژەى 57% یاخود 130 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق. تێکڕاى پارەى تەرخانکراو بۆ عێراق ($380.8) ملیۆن دۆلارى ئەمەریکییە و هەروەها نزیکەى 148 ملیۆن دۆلار بۆ سووریا تەرخان کراوە. بەشێکى گرنگى ئەو هاوکارییەى کە لەو سندووقەدا بۆ عێراق تەرخان کراوە، بۆ پشتگیریى هێزەکانى پێشمەرگە دەبێت، کە ئەمەش نیشانەى ڕۆڵى گرنگى هێزەکانى پێشمەرگەیە لە بەشداریکردن لە سەقامگیریى ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.

تریفه‌، په‌یوه‌ست به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاماژەش دەدات، "كه‌ یاساى دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى بۆ ئەمساڵ جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیى دابینکردنى توانای بەرگریى ئاسمانى بۆ هەرێمى کوردستان. ئەم بڕگەیە پێشووتر لە یاسایى ساڵى 2024 لەلایەن کۆنگرێسەوە پێشکەش کرا، کە جەختکردنەوە بوو لەسەر پێویستیى دڵنیابوون لەوەى کە هەرێمى کوردستان تواناى ئەوەى هەیە خۆى بپارێزێت و هەروەها سەلامەتیى لایەنەکانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن.

تریفه‌ عه‌زیز زیاتر گوتی، "لە ڕێگاى چارەسەرکردنى ئەم بەرنامە لەپێشینە ئاسایشییە، یاساى دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى دان دەنێت بە ڕۆڵى ستراتیژى هەرێمى کوردستان لە هاندان بۆ سەقامگیرى و بەرەوپێشبردنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە شەڕى دژ بە تیرۆر و هەڕەشە فراوانەکانى ترى ناوچەکە. باشترکردنى سیستەمى بەرگریى ئاسمانى نەک تەنیا بەهێزکردنى ئاسایشى هەرێمە، بەڵکو بەشدارییە لە سەلامەتیى هێزەکانى هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەکان و ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان، کە بارەگایان لە ناوچەکەدا هەیە. 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.