یانەی وەرزشی ئاكرێ ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆبوونەوەیەكی دەستەی كارگێڕی، بڕیاری دا هەژار سابیر وەك راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەكە دەستنیشان بكاتەوە و هەروەها چەند گۆڕانكارییەكی دیكەشی لەنێو یانەكە ئەنجام بدات.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی كارگێری یانەی ئاكرێ چەند بڕیارێك دەركران كە بریتی بوون لە: دەستنیشانكردنی هەژار سابیر وەك راهێنەری یانەكە بۆ یارییەكانی داهاتووی خولی نایابی كوردستان و جامی كوردستان.
هەروەها دەستنیشانكردنی هۆزڤان زاهید وەك سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەكە.
لەگەڵ دەستنیشانكردنی بەهرۆز داڤالی وەك راهێنەری توانای جەستەیی بۆ یارییەكانی داهاتووی یانەی ئاكرێ لە خولی نایاب و جامی كوردستان.
یانەی ئاكرێ بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەلید محەمەدی راهێنەر و بەشدار محەمەدی یاریدەری قبووڵ كرد.
یانەی ئاكرێ كە پارساڵ پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان بوو، لە وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانیەتییەكەدا ئاستی وەك پێویست نییە و دوای ئەنجامدانی 9 یاری، ئێستا بە كۆكردنەوەی تەنیا 13 خاڵ لە ریزبەندی 8ی یانەكان دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.