Erbil 10°C ھەینی 11 نیسان 05:09

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: لەسەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لێپرسینەوە لەگەڵ منداڵان کراوە

کوردستان TV
100%

ڕۆژنامەی (The Sunday Times)ی بەریتانی چەند بەڵگەنامەیەکی ھەواڵگریی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا باس لە وردەکارییەکانی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لە سووریا دەکەن، لەنێویاندا لێپرسینەوە لەگەڵ منداڵێکی 12 ساڵان.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، چووەتە ناو چوار بنکەی ھەواڵگریی لە شاری حومس ناوەڕاستی سووریا، چەند بەڵگەنامەیەکی ھەواڵگریی دەستکەوتووە کە پەیوەندیدارن بە وردەکارییەکانی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لە سووریا و شیکاریی بۆ کردوون.

ڕۆژنامەکە لە میانی شیکردنەوەی بەڵگەنامەکاندا، دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد بە دەزگای ھەواڵگریی پێشووی ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات "ستازی"، لێکچواندووە.

ڕاشیگەیاندووە، کە دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد، چەندین تۆماری ئەو کەسانەی ھەڵگرتووە کە گومانیان لەسەر ھەبوو، تەنانەت ئەو کەسانەش کە کاریان بۆ کردووە.

ھەروەھا ڕۆژنامەکە، ئەو تۆمارانەی کە رژێم لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆن، ھاککردنی کۆمپیوتەر و بەدواداچوونی راستەوخۆ بۆ گومانلێکراوان دەستی کەوتووە، بە "شێوەیەکی گشتگیر" وەسف کردووە.

لەنێو ئەو تۆمارانەدا، وردەکارییەکانی وەک شوێنی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی گومانلێکراوێک، ھەروەھا سەردانی بەردەوامی گومانلێکراوێکی دیکە بۆ لای کەسوکارەکەی لەخۆ دەگرێت.

لە بەڵگەنامەکاندا ئەوە ئاشکرا کراوە کە دەستگیرکراوەکان لەلایەن دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد، ئەشکەنجە دراون دوای ئەوەی لە زیندانی تاکەکەسیدا بەند کراون.

ھەروەھا لە بەڵگەنامەیەکدا، ئاماژە بە تاوانێکی دیکەی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد کراوە کە بەرامبەر بە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ ئەنجامدراوە و ھاتووە: "لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە سووریا، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ، دوای سکاڵای مامۆستاکەی لە دژی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ئەو کات وێنەیەکی بەشار ئەسەدی دڕاندبوو و فڕێیدابوو ناو زبڵدان".

بەپێی بەڵگەنامەکان، سەرەڕای ئەوەی ئەو کاتە منداڵەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە تێبینی وێنەکەی لەسەر کاغەزەکەی نەکردووە، بەڵام دوای چوار ڕۆژ لێپرسینەوە، دادگایی کراوە کە دواتر بێ تاوان دەرچووە.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.