گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرملین)، دیمیتری پیسکۆڤ ڕایگەیاند کە لەئێستادا، ئەستەمە پێشبینی شێوەی کۆتایی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، ئەوەش بەھۆی ئەو دۆخە ناڕوونەی کە ئێستا ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.
دیمیتری پیسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باسی لە دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی کرد، دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە سووریا.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیا سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتی سەرۆکی سووریا، گوتی: بڕیاری بەشار ئەسەد بۆ دەستبەرداربوون لە دەسەڵات، بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە.
دیمیتری پیسکۆڤ لەبارەی کاریگەریی ڕووخاندنی بەشار ئەسەد لەسەر ھەژموونی سەربازیی ڕووسیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: ئێستا ھەڵسەنگاندنی بۆ پێشھاتەکان دەکەین، بەڵام ئەستەمە پێشبینی شێوەی کۆتایی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەین، ئەوەش بەھۆی ئەو دۆخە ناڕوونەی کە ئێستا ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.
باسی لەوەش کرد کە ڕووسیا لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لەپەیوەندیی دایە و ڕایگەیاند: بەرژەوەندیی ھاوبەشمان لە بوارەکانی بازرگانیی و ئابووریی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ھەیە، ھەوڵدەدەین پەرەیان پێ بدەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.