ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەحرەین، لە شاری مەنامە لەگەڵ میر سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە - هەولێر لە داهاتوودا تاوتوێ کرا.
جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەحرەین دەربڕی و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەحرەینی کرد و خواستی پتەوکردنی پەیوەنديی دوولایەنەی لە بوارەکانی جێی بەرژەوەنديی هاوبەش، بە تایبەتی بنیاتنانی ژێرخان و چاکسازيی دارایی و بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا بیروڕا لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی سووریا و ناوچەکە بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.