ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دیپلۆمات و بەرپرسان، لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمی یادی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-دهۆک بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆی ئەمەریکی زانکۆیەکە بە ئامانجی هێنانی باشترین بەرهەمەکانی بۆ وڵاتەکەمان دامەزراوە و لە بنەڕەتدا لەپێناو بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی لاوانی کوردستانە، چونکە لاوان ناوەند و بنەما و پایەی سەرەکی فەلەسەفەی زانکۆکەن.
وتاری مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی زانكۆی ئەمەریكی – كوردستان:-
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی،
بەرپرسان، دیپلۆماتکاران، میوانە بەڕێزەکان، مامۆستایان، قوتابیان، دەرچووان و هاوڕێیانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان،
ئێوارەتان باش.
ئەمڕۆ بۆ یادکردنەوەی ڕووداو و دەستکەوتێکی بەرچاو کۆبووینەتەوە کە دەیەمین ساڵیادی کردنەوەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستانە لە دهۆک، کە بووەتە جێگەی شانازی و ئیلهامبەخشێکی بێ ئەندازەیە بۆ هەموومان و ساتێکە کە بۆ چەندین نەوەی داهاتوومان یادی دەکرێتەوە.
بەناوی خۆم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشێک بوون لەم گەشت و سەرکەوتنە ناوازەیە.
ئەو کاتەی درێژەم بە خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن دی سی دەدا، بەردەوام بیر و خەیاڵم لای ئەو قوتابییە زیرەک و بەهرەمەندانەی کوردستان بوو کە دەرفەتی دەستگەیشتنیان بە سیستەمێکی خوێندنی نێودەوڵەتی ئاستبەرز نەبوو؛ بۆیە بەردەوام هەوڵم دەدا و خەونم بە داهاتوویەک دەخواست کە ئەوانیش ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت و لە سیستەمێکی خوێندنی ئاستبەرزی جیهانی سوودمەند ببن بە بێ ئەوەی پێویست بکات نیشتمان جێبهێڵن. لەو کاتەدا ئەمە لە خەونێکی گەورە دەچوو، بەڵام من دەستم پێوەگرت و دەستبەرداری نەبووم.
دوای 30 ساڵ، هەست بە خۆشحاڵیی دەکەم کە دەبینم ئەو خەونە لە دروستکردنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان هاتووەتەدی، بە سوود وەرگرتن لە نموونەی پەروەردە و خوێندنێکی ئەمەریکی؛ زانکۆی ئەمەریکی، زانکۆیەکە بە ئامانجی هێنانی باشترین بەرهەمەکانی بۆ وڵاتەکەمان دامەزراوە و لە بنەڕەتدا لەپێناو بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی لاوانی کوردستانە، چونکە لاوان ناوەند و بنەما و پایەی سەرەکی فەلەسەفەی زانکۆکەن.
پێویستە هەموومان شانازی بەو ئاست و قۆناخەوە بکەین کە پێی گەیشتووین. کاتێک زانکۆی ئەمەریکی کوردستانمان دامەزراند، ڕووبەڕووی بەربەستی بەرچاو بووینەوە. تیرۆریستانی داعش تەنیا 12 کیلۆمەتر لە باڵاخانە و کامپسی زانکۆکەوە دوور بوون، ئێمەش لە کاتێکدا لە بەرەکانی پێشەوە بووین بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان و زێدی خۆمان، بەڵام لە هەمانکاتدا کۆبوونەوەی بێشومارمان ئەنجام دەدا بۆ دامەزراندنی زانکۆکە. تیرۆر و دواتریش پەتای کۆڤید 19، بەربەستی مەترسیدار بوون لە بەردەممان، بەڵام بەهۆی خۆڕاگریی و پابەندییمانەوە لە درێژەدان بە گەشتە زانستییەکەمان بەردەوام بووین.
لە ساڵی 2018 دەستمان بە هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی متمانەپێکردنی ئاستی خوێندنی باڵای ئەمەریکی کرد، سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیمان باوەڕ بە دەستەی خوێندنی باڵای (نیو ئینگلاند New England) بهێنین تا بێنە کوردستان و دەست بە پرۆسەی متمانەپێدانی ئەکادیمی بکەن. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێم کە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان تاکە دامەزراوەیە لە هەموو عێراقدا کە لە قۆناخی پاڵێوراوبووندایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو متمانە ئەکادیمییە، واتە نمرە و متمانەپێکردنە ئەکادیمییەکەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی ئەمریکاوە دانپێدانراوە و قوتابیان دەتوانن نمرە و دەستکەوتە زانستییەکانیان بگوازنەوە هەر دامەزراوەیەکی تری جیهان. ئەم دەستکەوتە تەنیا داننان نییە بە پێوەرە ئەکادیمییەکانمان، بەڵکو بەردی بناخەی ڕوانگەی فراوانتری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی متمانەپێکردنی نیشتمانی کە دەستەی متمانەبەخشینە بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان.
بەم دەسکەوتە ناوازەیە، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە ژینگەی سیستەمی خوێندنی باڵا لە ئاستی هەرێمیی و نیشتیمانیدا بگێڕێت، هاوتەریب لەگەڵ دیدگەی حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2030، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان شانازی بەوە دەکات کە سەرپەرشتی دەستەیەکی کارکردن دەکات لەسەر نموونە و دەستپێشخەرییەکی خوێندن بە ناوی خوێندنی K19، کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی پێوەرە ئەکادیمییەکان، بەهێزکردنی دڵنیایی جۆریی و پێشنیارکردنی چاکسازییە بنچینەییە سیاسییەکان بۆ پێشڤەبردنی خوێندن و پەروەردە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بووەتە چرای نمونەییبوون، نەک تەنیا لە بواری خوێندن بەڵکو لە بواری تەندروستیشدا، کۆلێژی پەرستارییمان لە پێشەنگی داهێناندایە، پسپۆڕەکانی داهاتووی چاودێری تەندروستی، بە زانیاریی پێشکەوتوو و لێهاتوویی پڕچەک دەکات، دەرچووانمان کە بە بەهاکانی پیشەییبوون ئاوێتە بوون و بە بەهرە و لێهاتووییەکانی سەدەی بیست و یەکەم ئامادە کراون، لە شوێنی کارەکانیان و دەرەوەش سەرمەشقی گۆڕانکارییەکانن، وێڕای ئەوەش ئێمە لە دابینکردنی پرۆگرامی پەرەپێدانی پیشەیی بۆ خاوەن پیشەکان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیش بەشدارین.
سەرەڕای ئەوەش، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان رۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی ئابوورییەکەمان دەگێڕێت، ئەوەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی هێزی کار و بازاڕی کار کە توانستی هاوتابوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوچەرخەکانیان هەبێت، ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بۆ پەرەدان نەک بە سیستەمی پەروەردەکەمان، بەڵکو بەرەوپێشبردنی ژینگەی ئابووری نەتەوەکەمان.
خۆشحاڵم کە ڕایبگەیەنم نزیکەی 70%ی قوتابیانمان سوود لە سکۆلەرشیپ و دەرفەتی خوێندنی جیاجیا دەبینن، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکاریی و بەخشەندەیی بەخشەرەکانمان، ئەمە وێڕای پاڵپشتی و هاوکاریی بەخشەر و هاریکار و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێوەخۆیی و دەرەکییەکان و هاوبەشە دامەزرێنەرەکانمان، لەپێناو دڵنیابوون لە بەردەوامیی توانستی دارایی، سندووقی هاریکارییمان لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا دامەزراندووە، جیا لەمەش پلانی فراوانترمان بۆ گەشەی زیاتر لە ساڵانی داهاتوو هەی.
هیچ کام لەم دەسکەوتانە، بە بێ هەوڵ و ماندووبوون و پاڵپشتی بۆردی ئەمینداران نەدەهاتنە دی. لە ماوەیەی دەیەی ڕابردوو، ڕوانگە و پابەندییەکانیان، رۆڵێکی کارای لە سەرکەوتنی ئەم دامەزراوەیە هەبووە. لێرەوە زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی زانکۆکە دەکەم کە سەرکردایەتی زانکۆکەیان لە کاتە سەختەکاندا کردووە و کاریان بۆ گەشە و نمونەییبوونی زانکۆکە کردووە.
ئەمڕۆ کە بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی کردنەوەی زانکۆکە ئاهەنگ دەگێڕین، با تەنیا لە دەستکەوتەکان نەڕوانین، بەڵکو ڕوو بکەینە داهاتوویەکی ڕووناکتریش. بەیەکەوە دەتوانین زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بکەینە وێنەیەکی نمونەیی تا داهاتووی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەمان وەکو پایەیەکی پرۆسەی دروستکردن و داڕشتنی دەوڵەتسازیی بۆ نەتەوەکەمان دابڕێژێت.
بە پێویستی دەزانم لێرەدا سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانیی بکەم بۆ پاڵپشتی بەردەوامی لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دە ساڵی ڕابردوودا. سوپاس بۆ فاوەندەیشنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بۆ خۆتەرخاکردن و خەمخۆریی و پابەندبوونمان بە ئامانجەکانمان.
لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییە بەخشندە و بەردەوامەی لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا پێشکەشی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-ی کردووە.
زۆر سوپاس و دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشێک بوون لە چیرۆکی ئەم سەرکەوتنە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.