ئەمشەو بۆ بەرەبەیان لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفڕ دادەبەزێت، پێشبینیش كراوە لە حاجی ئۆمەران پلەكانی گەرما ببێتە (-12) و شەختە و تەمومژێكی زۆریش دروست ببێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: ئەمشەو تا کاتەكانی بەرەبەیان بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و مانەوەی بارستەهەوای ساردی جەمسەری، پلەکانی گەرما لەبەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ڕاپەڕین دەگاته ژێر سفری سیلیزی.
راشیگەیاند: ئەمشەو لە هەریەك لە ناوچەكانی حاجی ئۆمەران و سیدەکان و چۆمان و بەشێكی ئەم سنوورە، پلەکانی گەرما ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ وەرزی پاییزی ئەمساڵ تۆمار دەکەن و بۆ (-12) دادەبەزێت.
هەروەها رایگەیاند: لە سەنتەری شارەكانی هەولێر و دهۆك و گەرمیان و مووسڵیش، پلەكانی گەرما بۆ (-3) دادەبەزن.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا كە بەهۆی ئەم كەشوهەوا ساردە، ئەمشەو دیاردەی تەمومژ و شەختە دروست دەبێت، بۆیە ئامۆژگاری شوفێرانی كرد پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن بەتایبەت لە كاتی هاتوچۆكردن لە رێگاكانی دەرەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.