لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە پێویستە مووچە تێكەڵی هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی نەكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، لە كاتی خۆیاندا مووچەیان پێ بدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێك تاوتوێ كران، یەكێك لە تەوەرەكان بابەتی مووچە بوو كە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەی مانگی 10 دەكەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند " لە تەوەر و بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".
هەروەها رایگەیاند "لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت".
ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش دا "پێویستە وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.