وەزارەتی دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ڕایگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی لوبنان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەدا، خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل و ڕایگەیاندووە: "ئومێد دەکەین ڕیککەوتنی ئاگربەستەکە، کۆتایی بەو توندوتیژی، وێرانکاریی و نەھامەتییانە بھێنێت کە ڕووبەڕووی گەلی لوبنان بوونەتەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە عێراق بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی گەل و حکوومەتی لوبنان و ھاتووە: "عێراق پەرۆشی ئەوەیە کە سەقامگیریی لە ناوچەکەدا، بەرقەرار بێت".
ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە ھەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ وەستاندنی ئەو کۆمەڵکوژیی و دەستدرێژییانەی کە بۆ سەر فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە، بەردەوامن.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە، عێراق پاڵپشتی لەو ھەوڵانە دەکات کە بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیریی لە ناوچەکە و جیھان، خراونەتەگەڕ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.