هێڵی گەرمی 119، هێڵێکی پەیوەندیی بێبەرامبەرە لە هەرێمی کوردستان؛ کە 24 کاتژمێر بەردەستە و هاوکاریی خێرا و دەستبەجێ پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە ڕووبەڕووی توندوتیژی یان گرفتی خێزانی دەبنەوە.
خزمەتگوزارییەکە، بەشێکە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان؛ کە لە 8 بەڕێوەبەرایەتی پێک دێت و 28 نووسینگەی لەسەر ئاستی قەزاکان و 3 هۆبەی لەسەر ئاستی ناحییەکان هەیە.
هاوکات کەسانی پسپۆر و شارەزا و ڕاهێنراو لە بواری یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەروونی، لەم بەڕێوەبەرایەتییە کار دەکەن و وەڵامی پەیوەندیی هاووڵاتییان دەدەنەوە.
هەموو ئەندامانی خێزان یان هەر کەسێک لە هەر ڕەگەز و نەتەوە و زمانێک بێت و ڕووبەڕووی توندوتیژی یان کێشە و هەڕەشە ببێتەوە، دەتوانێت پەیوەندی بەو هێڵەوە بکات و داوای ڕێنمایی و هاوکاری یان ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی بکات.
ئەم هێڵە لە كۆتاییی ساڵی 2018 لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو ڕێگەگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان لە هەموو کوردستان دامەزرا و تاوەکوو ئێستا بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئافرەتان و خێزان لە ڕێگەی ئەم ھێڵەوە چارەسەر کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.