ئارام خه‌لیفانی: زۆر نووسه‌ر و پسپۆری به‌توانا و لێهاتوومان هه‌ن كه ده‌توانن گه‌شه به‌په‌روه‌رده و فێركردن بده‌ن
ئارام خه‌لیفانی: وه‌رگێڕان و نوسینه‌كانم هه‌م بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیه و هه‌میش په‌روه‌رده‌یه
نووسه‌ری بواری په‌روه‌رده مامۆستا ئارام محه‌مه‌د عومه‌ر ئه‌حمه‌د ناسراو به( ئارام خه‌لیفانی) یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی كه له‌رێگه‌ی نووسینه‌كانییه‌وه خزمه‌تێكی به‌رچاوی په‌روه‌رده و فێركردنی كردوه به‌تایبه‌تی له‌به‌شی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دا.. ئه‌و ده‌رچووی به‌شی زمانی كوردی فاكه‌لتی ئادابه له زانكۆی سۆران تائێستا (10) كتێبی له‌سه‌ر په‌روه‌رده و فێربوونی زمانی ئینگلیزی به‌چاپ گه‌یاندووه.له‌نزیكه‌وه به‌چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه:
هه‌ڤپیڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
*ئه‌وهۆكارانه چین كه‌وای له تۆی كرد رووبكه‌یته نووسین و وه‌رگێران؟
- هه‌ستكردن به كه‌م و كووڕی له‌بواری په‌روه‌رده و فێركردن و هه‌ژاری له فه‌رهه‌نگی كوردی له‌هه‌مان كات دا هه‌بوونی به‌هره و توانام له‌م بواره‌دا كه لای خودای گه‌وره تاوانبار نه‌بم له‌به‌كارنه‌هێنانی وه سوود گه‌یاندن به نیشتیمانه‌كه‌م و نه‌ته‌وه‌كه‌م چونكه هه‌بوونی به‌هره و توانا له‌كه‌سێك و به‌كارنه‌هێنانی بۆ به‌رژه‌وه ندی گشتی وه‌ك ژه‌هری مار وایه.
*نووسین و وه‌رگێرانه‌كانت زیاتر له بواری فێركردن وپه‌روه‌رده‌یه هه‌وڵ نه‌داوه، له‌بواره‌كانی تریش بنووسیت؟
- وه‌رگێڕان و نووسینه‌كانم هه‌م بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیه و هه‌میش په‌روه‌رده‌یه و له‌هه‌وڵدام له‌بواره‌كانیتریش بنووسم به‌تایبه‌تی له بواری گه‌شه‌پێدانی مرۆیی.چونكه مرۆڤی تێگه‌یشتوو و ڕۆشنبیر ئه‌وكه‌سه‌یه له‌هه‌موو شتێك، شتێك بزانێت له‌یه‌ك شتیش هه‌موو شتێك بزانێت.
*چۆن ده‌ڕوانیته نووسه‌رانی بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن له كوردستان ئایا له‌ئاستی پێویست دان؟
- ئه‌وه‌ی راستی بێت، له‌هه‌موو كۆمه‌لگایه‌ك لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه له‌و وڵاته‌ی ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه زۆر نووسه‌ر و پسپۆری به‌توانا و لێهاتوومان هه‌ن كه ده‌توانن گه‌شه به‌په‌روه‌رده و فێركردن بده‌ن له وڵات.. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی لیژنه‌یه‌كی پاك و لێهاتوو له‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ لێكۆلینه‌وه له‌ده‌رچوونی سه‌رچاوه‌كه یان نه‌گونجانی سه‌رچاوه‌كه زۆر نووسه‌رمان هه‌ن ده‌نوسن خۆیان نازانن چیان نوسیوه (مه‌رج نیه ئه‌وه‌ی ده‌نوسیت ده‌ربڕی ناخی خۆی بێت) بۆیه ئێمه كاتمان ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئاستی وڵاتانی پێشكه‌وتوو.
*شێوازی خوێندن و په‌روه‌رده له كوردستان گۆرانكاری زۆری به‌سه‌رداهاتووه ،وه‌كو مامۆستا‌و نووسه‌رێك، ئاستی خوێندن له كوردستان له ئێستا چۆن ده‌بینیت؟
- ئه‌و شێوازه‌ی خوێندن له هه‌رێمی كوردستان به‌كاری ده‌هێنن باشترین شێواز و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یه ،به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تی گونجاو و كاتی پێویست ته‌رخان نه‌كراوه وه‌ك پێویست جێبه‌جێ ناكرێت له‌ئێستادا له قوتابخانه ئه‌ركی مامۆستا له قوتابی و به‌ڕێوه‌به‌ر گرانتره و هه‌بوونی مامۆستای ڕاهێنه‌ر و لیژنه‌ی ده‌ره‌كی به‌پێویست نازانم به‌ڵكو سه‌رپه‌رشتیاری كارگێری و سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆری بگه‌ڕێته‌وه و خودی سه‌رپه‌رشتیاری كارگێری خول له‌جیاتی مامۆستای ڕاهێنه‌ر بكاته‌وه له قوتابخانه‌كه و هه‌موو سه‌رپه‌رشتیاران شاره‌زاییان هه‌بێت له میتۆده‌كانی وانه‌وتنه‌وه.
*وه‌كو مامۆستایه‌ك سیفته‌كانی مامۆستای سه‌ركه‌وتووچین؟
- له یه‌كێك له كتێبه‌كانم كه تایبه‌ته به‌مامۆستای سه‌ركه‌وتووه به‌ناوی (100 ئامۆزگاری بۆ مامۆستای سه‌ركه‌وتوو له گشت قۆناغه‌كان دا) له‌رێگه‌ی (15) خاڵه‌وه ئاماژه‌م به مامۆستای سه‌ركه‌وتوو داوه كه بریتین له:
1-هانی قوتابیه‌كه‌ت بده كاتێك كارێكی چاك ئه‌نجام ده‌دات، ڕێگای زیاتری بۆ ڕۆشن بكه‌وه.
2- ڕێزی قوتابییه‌كه‌ت بگره، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ڕێزی تۆ بگرێت.
3 -به گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ قوتابی فێربكه، كاتێك پێویستیه‌كی هه‌بوو داوا له تۆ بكات، تۆش بۆی جێبه‌ێ بكه.
4-هاوار به‌سه‌ر قوتابیدا مه‌كه و به‌سه‌ریدا هه‌ڵمه‌شاخه.
5- به شتێك قوتابی مه‌ترسێنه كه ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ردا نیه و نا‌توانیت جێ به‌جێی بكه‌یت.
6- هه‌میشه كاری ئاسان ڕێگای ئاسان و پرسیاری ئاسان ئاڕاسته‌ی قوتابیه‌كه‌ت بكه، خۆت له شتی ئاڵۆز و گران به دوور بگره.
7- ڕێگا بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ی یه‌كه یه‌كه‌ی قوتابیه‌كان خۆش بكه، هیچ كامێكیان .پشتگوێ مه‌خه
8-هه‌میشه رقت له كرده‌وه‌ی ناشرین ببێته‌وه نه‌ك كه‌سه‌كه خۆی.
9- به خۆشترین ناو بانگی قوتابییه‌كه‌ت بكه.
10-لێبورده‌ییت زۆر بێت و سنورێكی فراوان بۆ قوتابیه‌كه‌ت دابین بكه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی چاك بكاته‌وه.
11- هه‌میشه وا سه‌یری قوتابیه‌كه‌ت بكه كه به توانا و به‌هێزه،به گومانی خراپ سه‌یری مه‌كه .
12- قسه‌یه‌ك بۆ قوتابیه‌كه‌ت مه‌كه كه خۆت به كرده‌وه نه‌ت كردبێ، داوای فێربوونی شتێك له قوتابی مه‌كه كه خۆت نایزانی.
13-به‌رده‌وام خۆشه‌ویستی و گرنگی پێدانی خۆت بۆ قوتابیان دووباره بكه‌وه.
14-هه‌رگیز پشت له ئامۆژگاری قوتابیان مه‌كه، چونكه قوتابی له ئاو زیاتر پێویستی به ئامۆژگارییه.
15-به سه‌ڵاو كردن و ڕووی خۆش یه‌كه‌م چركه‌ی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ قوتابی ده‌ست پێبكه.
ناوی كتێپه چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر مامۆستا ئارام محه‌مه‌د:
- (فه‌رهه‌نگی ئایلتس) چوار هه‌زار وشه‌ی بنچینه‌یی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و ده‌رچوون له تاقیكردنه‌وه‌ی ئایلتس.
- كلیلی سه‌ركه‌وتنه‌كانت له تاقیكردنه‌وه‌ی ئایلتس.
- فه‌رهه‌نگی ئارام 3000 وشه‌ی بنچینه‌یی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
- فێربوونی زمانی ئینگلیزی به‌بێ مامۆستا له‌ماوه‌ی مانگێك دا.
- (100) ئامۆژگاری بۆ مامۆستای سه‌ركه‌وتوو.
. – (100)یاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی
- فێربوونی دووگمه‌كانی كیبۆردی كۆمپیوته‌ر.
- هونه‌ری وه‌ڵام دانه‌وه.
- ده‌نگه‌كانی زمانی ئینگلیزی.
- فه‌رهه‌نگی سه‌نڕایزی قوتابخانه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.