Erbil 16°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:13

ئەمەریکا جەخت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

کوردستان TV
100%


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەمەریکا، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایان تاوتوێ کرد و لایەنی ئەمەریکا جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردەوە.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی  11 تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێسمان سێث مۆڵتن کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.

کۆنگرێسمان مۆڵتن، ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانی و هاوکاریی ئەمەریکای کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.

تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردن و سەرخستن و خێراترکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.

گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و دۆخی ئاڵۆز و شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.