Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 08:55

گوتاری سەرۆكی حكوومەت لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی "گەشانەوە"

کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 8/10، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە تەواوبوونی قۆناخی یەکەم و ڕاگەیاندنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی (گەشانەوە) بەڕێوە چوو.

لە گوتارێكدا كە لە ڕێوڕەسمەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەت دڵخۆشیی خۆی بەو گەنجانە دەربڕی كە لە پرۆژەی (گەشانەوە) سوودمەند بوون و ئاماژەی بەوە كرد "حكومڕانیی تەندروست یانی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، باشتركردنی ژیانیان، دروستكردنی هەلی كاری یەكسان بۆ هەموو هاووڵاتییەك و پشتیوانیكردن لەو كەسانەی دەیانەوێ بۆ خۆیان خاوەن كار بن یان گەشە بە كار و بزنسەكەی خۆیان بدەن".

هەروەك ڕوونی كردەوە كە پرۆژەی (گەشانەوە) یەكێكە لەو پرۆژانەی كە لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگیمان پێداوە و تاكو ئێستا بەشی یەكەمی ئەم پرۆژەیە تاقی كراوەتەوە و زۆریش سەركەوتوو بووە. پرۆژەكەش پاڵپشتیی داراییە وەكو پایەیەكی سەرەكی بۆ گەشەی ئابووری بۆ كەرتی تایبەت لە ڕێگەی بانكە تایبەتەکانەوە کە قەرز دەدەن بە هاووڵاتی و خاوەن كاری بچووك و مامناوەند تاوەكو بتوانن گەشە بە پڕۆژەكانیان بدەن و حكوومەتیش زەمانەت و گەرەنتیی سەركەوتنی ئەو پرۆژەیەیە و ئەو پەیوەندییەی نێوان خاوەن كار و بانك بە رێگەی ئاسانكاری و پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوەیە.

سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كرد كە "لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ قەرز لەلایەن بانكەوە بە خاوەن كارەكان بدرێت بۆ پێشخستنی كارەكانیان، هەروەك باسکرا 25 كۆمپانیا هەڵبژێردراون لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵیی لۆكاڵی بە ناوی (تۆپ ماونتن) كە ئەو كۆمپانیایە هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەو كۆمپانیایانە دەكات و هاوكاریی راستەڕێكردنی پرۆژەكانی خاوەنكارەكان دەكات، تاكو یارمەتییان بدات چۆن بتوانن سوودمەند بن لە پرۆژەی گەشانەوە و بتوانن لەو قەرزەی وەری دەگرن، بیخەنە خزمەتی فراوانتر و باشتركردنی جۆری كارەكانیان و دروستكردنی هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵك و ئەوانەی دەیانەوێ لەو بوارانەدا ئیش بكەن".

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد كە حكوومەت تا ئێستا 10 ملیۆن دۆلار پارەی وەك زەمانەت و گەرەنتی داناوە بۆ ئەوەی بانكەكان بتوانن بەشداربن لە پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان و تا ئێستا زیاتر لە 3 ملیارد دینار قەرز بە هاووڵاتی و خاوەنكارەكان دراوە و بەهۆیەوە بەرهەمەكانیان دوو ئەوەندە زیاتر بووە و سوودمەند بوون. گوتیشی "ئێمە یارمەتیی ئەو پرۆژانە دەدەین و داواكارین خەڵكێكی زیاتر بەشداریی لەم پرۆژەیە بكات و لە قۆناخی دووەم زیاتر لە 100 بزنسی تر بەشداربن و هیوادارم بە زوویی ئەنجامەكانیان ببینین كە چەند دەتوانن هەم سوود بە خاوەن كارەكان بگەیەنێت، هەمیش ڕێگە بۆ هاووڵاتییانی تر بكاتەوە كە خۆیان لەم جۆرە پرۆژانە سوودمەند بن".

هەر لە گوتارەكەیدا سەرۆكی حكوومەت سوپاسی هەریەك لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (گەشانەوە)ی كرد و بە هۆكارێكی سەرەكی بۆ پێشخستنی پرۆژەكە باسی کردن.

هاوكات پەیامێكیشی ئاراستەی هەموو گەنجانی كوردستان كرد و گوتی "ئێمە مەبەستمانە خزمەتی گەنج بكەین و توانای گەنج بخەینە خزمەتی وڵاتەكەمان، هیوادارم خۆشیان ئارەزووی ئەوەیان هەبێ بیر لە ئەوە بكەنەوە چۆن خزمەتی گەل و وڵاتەكەیان بكەن، چۆن زیاتر خزمەتی خۆیان و هاووڵاتییان و دۆست و كەسوكاریان بكەن؟ حكوومەت ئامادەیە بە پشتیوانیكردن لەم جۆرە پرۆژانە، هەلی كاری یەكسان بۆ هەمووتان بڕەخسێنێت، ئەوەی حەز بكا ئیش بكا، كوردستان دەتوانێت ماڵێكی فراوان بێت، بە سوود و بەرهەمدار بێت بۆ هەموو گەنجێك. هیوادارم باش بیر بكەنەوە، هەر كەسێك داوا بكات گەنجەكان روو لە هەندەران بكەن، ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، باوەڕ بكەن كەسیان خەمی سەلامەتیی ئێوەی نییە. كە ئامادەبن ئێوە وڵات بەجێبێڵن بەس بۆ خاتری ئەوەی لە رووی سیاسییەوە سوودێك وەربگرن و روویێكی ناشرینی وڵاتی ئێمە پێشانی خەڵك بدەن و بڵێن ئێمە راستمان كرد و هاووڵاتیی كوردستانی لە كوردستان رازی نییە و پێی خۆش نییە لێرە بمێنێتەوە، من پەیامم بۆ گەنجان ئەوەیە كە بە قسەی ئەم خەڵكانە هەڵمەخەڵەتێن، كوردستان ماڵی ئێوەیە و مەجال زۆرە بۆ ئەوەی ئیشی تێدا بكەن، بەڵام دەبێ خۆتان رەغبەتتان هەبێ، ئارەزووتان هەبێ بتوانن لێرە ئیش بكەن، ئەمە نموونەیەكی سەركەوتووە كە چۆن حكوومەت دەتوانێ یارمەتیتان بكەن كە خۆتان خۆتان پێ بگەیەنن، چاوتان لەوە نەبێ كە بۆ خەڵكێكی تر ئیش بكەن، ئێوە بتوانن خەڵك دابمەزرێنن، من جارێكی تریش بەڕاستی زۆر دڵخۆشم كە دەبینم ئەم پرۆژەیە سەركەوتووە و قۆناغی یەكەمی بە سەركەوتوویی تەواو كردووە، چاوەڕێی ئەو 100 كۆمپانیا و خاوەن كارەی تریشین كە سوودمەند ببن لەم پرۆژەیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.