Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 18:27

مەسرور بارزانی بۆ نەیاران: لە مێژوو فێربن پارتی هەرگیز ناشكێت

کوردستان TV
100%

لە كەرنەڤاڵی جەماوەری ئەمڕۆ دووشەممەی سەرخستنی لیستی 190ی پارتی لە زاخۆ، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی نەیاران كرد و پێی گوتن "ئەوانەی هەوڵی شکاندنی پارتییان دا، خۆیان تووشی شکست بوون، ئیتر فێر بن و لە مێژوو فێر بن، پارتی هەرگیز ناشکێت".

ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 7/10/2024 مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو یاریگەی زاخۆ لەبەردەم هەزاران جەماوەر و بە ئامادەبوونی کاندیدانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: زاخۆی جوان و دڵی سەرۆک بارزانی، جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری زاخۆ، بوون و دەنگی ئێوە سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەرە پشتیوان بە خوای گەورە.

گوتیشی: پاش دوو هەفتەی دیکە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووساز دەچین کە داهاتووی وڵات و پاشەڕۆژی وڵاتەکەمان دیاری دەکات، دەنگی ئێوە و بڕیاری ئێوە شێوازی حکوومڕانی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکەمان دەکات، بۆیە پێویستە زۆر، پێکەوە هەموومان بەیەکەوە بە دەر و دراوسێ و خزم و کەس بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتەی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری تا ئەمڕۆ بەردەوامە بۆ نەهێشتنی زوڵم و ستەم و ستەمکاری دامەزراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێناسەی نەتەوەیی کوردستانی، پارتی دیموکراتی لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ بە پشتیوانی ئێوە بەردەوام دەبێت، پارتی هەر یەکەم بووە و هەر یەکەمیش دەبێت.

مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەوڵی داوە کوردستان سەرکەوێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بێنە دەست، ناحەزانی پارتیش هەوڵیانداوە پارتی بکەنە ئامانجی خۆیان و پارتی سەرنەکەوێت، پێشتر بەجۆرێک دژایەتی پارتیان دەکرد و پیلانیان دادەڕشت، ئێستاش بەجۆرێکی پیلان دادەڕێژن، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە لە 20ـی ئۆکتۆبەر ئەو پیلانانە لەناو دەبەین و پارتی هەر یەکەم دەبێت.

هەروەها گوتی: پارتی داوای ئارامی دەکات، چونکە پارتی لەو باوەڕەدایە میلـلەتی ئێمە شایستەی ئەوەیە لە ژیانێکی ئارام و وڵاتێکی ئارامدا بژیت، ئێمە داخوازی ئاشتەوایی دەکەین و بەیەکەوە بژین، چونکە چەندە ئارامی و ئاشتەوایی لە وڵاتەکەماندا هەبێت، پارتی زیاتر پێش دەکەوێت.

جێگری سەرۆكی پارتی گوتیشی: پارتی لەهەر جێیەک بێت جێی دەستی دیارە و ئاوەدانی تێدایە، ئاوەدان و پێشکەوتووە، پارتی داوای پێکەوەژیان دەکات لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئایینی جیاواز و لاینە سیاسییەکان، پێمانوایە بەیەکەوەبین وڵاتەکەمان جوانتر دەبێت و بەهێزتر دەبین، میلـلەتی ئێمە داهاتووی و پاشەڕۆژی گەشتری هەبێت، پارتی هەمیشە شانازیی بەوە دەکات داکۆکی و پشتیوانی مافی نەتەوە و ئاینەکانە، لەسەر ئەم سۆزە بەردەوام دەبێت و تا ماوین داکۆکی لەهەر تاکێکی ئەو وڵاتە دەکەین.

مەسرور بارزانی گوتی: پارتی دروشمی خۆڕاگریی هەڵگرتووە، چونکە خۆڕاگربووە بەرامبەر هەموو پیلان و پەلامارەکانی سەر کوردستان، پارتی خاوەنی جەندین داستانە، هەزاران شەهید و پێشمەرگەی قارەمان و جەماوەرێکی قارەمانە لەبەرئەوە خۆڕاگ دەبێت و هەر بەردەوامیش دەبێت لە خۆڕاگریی و بەرگریکردن لە مافی گەلی کوردستان.

مەسرور بارزانی ئاماژەشی دا: هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و زەحمەتی و ماندووبوونی ئەو گەلەیە، لەناو ببردرێت یاخود لاواز بکرێت، گەلێک لایەنی ئەمڕۆ دروشمیان هەڵگرتووە و داوای دەنگی خەڵکی کوردستان دەکەن، دوێنێ و پێرێ پیلان دادەڕێژی ئەو قەوارەیە نەمێنێت، دوێنێ و پێرێ هەوڵیدا لەگەڵ دەستی دەرەکی دەستی خۆی تێکەڵ کرد، هەوڵی دا مافی خەڵکی کوردستان ڕادەستی بەغدیان کرد و خەڵکی کوردستان تووشی شکست بکەن، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا، ئێستا دێن بە شێوازێکی دیکە قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن، بەڵام خەڵک هۆشیارە دەزانێت ڕابردووی هەمووان چییە و دەنگ دەداتە کێ.

جەختیشی كردەوە كە: پەیامی ئێمە بۆ هەموو لایەنەێک کە هەوڵی شکاندنی پارتی داوە، بۆ هەموو ئەوانەی خەونیان بە شکاندنی پارتیەوە دەبینی، بەوان دەڵێین: ئەوانەی هەوڵی شکاندنی پارتییان دا، تووشی شکست بوون، فێر بن، مێژوو فێر بن، پارتی ناشکێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.