Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 02:53

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە

کوردستان TV
100%


وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  هه‌ڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تدا هاتووه‌، بە بۆنەی دەستپێکردنی وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی ئیرادەی شەرعیەتی پەرلەمانیی و تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ بەرچاوڕوونی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و لە پێناو پارێزگاری لە کەشی دیموکراتی و ئازادی ڕادەربڕین و پاکڕاگرتنی ژینگەی مێدیایی بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵە بخەینەڕوو:

1- پارێزگاری لە کەشوهەوای دیموکراتی لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا، ئەرکی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان، کاندید و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنە. بۆیە گرنگە هەموو لایەک پابەندی ڕێنمایی و وادە دیاریکراوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بن.

2- گرنگە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆژنامەنووسان پابەندی بنەما ئیتیکی و یاساییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسی بن و خۆیان لە پێشێلکردنی ئەو بنەمایانە بەدوور بگرن.

3- پێویستە هیچ کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی نەبێتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە و زمانی زبر لە گەیاندنی پەیامەکانی بەکار نەهێنێت و نەبێتە سەکۆی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە.

4- ڕێزگرتن لە سیمبوڵ و پیرۆزییە ئایینی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنیان بە هەڵمەتی بانگەشە؛ دەستەبەری پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات.

5- بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، زانیاری چەواشەکراو و چاندنی تۆوی ڕق و کینە، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی دەروونی تاک و کۆمەڵگە دەبێت.

6. بەکارهێنانی منداڵان لە بەرهەمی هونەری و ئاهەنگ و چالاکییەکانی تایبەت بە بانگەشە، پێچەوانەی بنەماکانی مافی منداڵە. هەروەها بەکارهێنانی کەسانی بەخشراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی لایک و ڤیو دژبەری مافەکانی مرۆڤە. 

7. بەکارهێنانی زمانی زبر و ئەدەبیاتی قۆناغەکانی ڕابردووی ژیانی سیاسیی خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراتی ناکات. لە بری ئەوە باشترە لیست و قەوارەکان کار بۆ خستنەڕووی بەرنامەی خۆیان لە هەڵبژاردن بکەن.

8. ئیرادەی دەنگدەر ڕێزلێگیراوە و دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی و ناچارکردنی بەوەی بڕیاری لە ڕۆژی دەنگدان ئاشکرا بکات، پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە.

9. تێکەڵکردنی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن بە گوتاری ئایینی، پێچەوانەی گیانی دیموکراتییە. بۆیە گرنگە ئایین بۆ "تەحریم" و "تەجریم"ـی بەشداریی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی دیموکراتی بەکارنەهێنرێت.

10. لە کاتی بانگەشەدا هێرشکردن و سوکایەتی بە دەنگدەران و دانیشتوانی ناوچەیەکی دیاریکراو و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، کاندیدان بەگشتی و ژنە کاندیدەکان بەتایبەتی، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان پێشێلکاری یاسا و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.