Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 04:29

راگەیەنراوێك لە پارێزگاری هەولێرەوە سەبارەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن

کوردستان TV
100%

چەند كاتژمێرێك بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پارێزگاری هەولێر راگەیەنراوێك بڵاو دەكاتەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسی و بەربژێران دەكات پابەندی بڕیار و رێنماییەكانی لیژنەی ئەمنی و یاساكانی كۆمیسیۆن بن لە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرە:-

به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان، کە بڕیارە لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو دەست پێ بکات، داواکارین لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و بەربژێران لە سنووری پارێزگای هەولێر، له‌پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌کە به‌ شێوازێكى شارستانی و بەڕەچاوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان، ڕێزگرتن له‌ پيرۆزییەکان و هێما و سيمبۆلى كوردستان و دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، بەشێوەیەکی ئاشتییانە و پاراستنی دیموکراتی و یەکتر قەبووڵکردن، بە پابه‌ندبوون بە بڕیار و ڕێنمايييه‌كانى لیژنەی ئەمنی پارێزگا و یاساکانی كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.

هەموو لایەک دڵنییا دەکەینەوە، بە فەراهەمکردنی ئازادی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کاندیدان بەبێ جیاوازی لە سنووری پارێزگاکەمان و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، سەرجەم دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەكانی سنووری پارێزگاکەمان ڕاسپاردووە پارێزگاری بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بن، بە ئومێدی ئەوەی ئەو ڕۆژانەی دیاریکراوە بۆ بانگەشە، بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمشەو كاتژمێر 12:01 بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكات.

بڕیاریشە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت کە تێیدا لایەنە سیاسی و كاندیدان ركابەری لەسەر بەدەستھێنانی 100 کورسی پەرلەمانی دەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.