یانەی دهۆك بۆ یارییەكەی سبەی هەینی لە دەستپێكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق ئاگادارییەك بۆ هاووڵاتییان و هاندەران بڵاو دەكاتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات كە بەشێك لە بلیتی چوونەژوورەوەی یاریگە ساختە كراوە، بۆیە بەر لە كڕینی هەر پلیتێك پشكنین بكەن.
ئیبراهیم ئامێدی پەیامنێری وەرزشی (كوردستان تیڤی) دوای بەدواداچوون بۆ كێشەكە، بۆی دەركەوتووە كە ئێستا بەشێك لە بلیتی یارییەكەی سبەی ساختە كراوە لەنێو شاری دهۆك هەیە و بە نهێنی لە بازاڕی ڕەش لەلایەن چەند كەسێكەوە دەفرۆشرێت.
لەمبارەیەوە یانەی دهۆك لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: سەرجەم هاندەرانمان ئاگادار دەكەینەوە كە ئێستا لە بازاڕی رەش جۆرێكی بلیتی ساختەی چوونی یاریی نێوان دهۆك و زەوڕا هەیە و دەفرۆشرێن.
راشیگەیاند: لەلایەكی تریشەوە لەلایەن هەندێك كەسی نەفس نزمەوە بلیتی یاریی وەرزی رابردووی نێوان دهۆك و كەرخ لە بازاڕ دەفرۆشرێت و دەدرێت بە هاندەران.
یانەی دهۆك بۆ ئەم مەبەستە داوا لە هاندەران و سەرجەم وەرزش دۆستان دەكات پێش كڕینی هەر بلیتێكی یاریی، پشكنین بكەن و تا دڵنیا نەبنەوە هیچ پلیتێكی یاریی نەكڕن.
جەختیشی كردەوە كە لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە و رێكاری یاسایی دژی هەموو ئەو كەسانە دەگرنەبەر كە هەڵساون بە ساختەكردنی بلیتی یارییەكان و بەدڵنیاییشەوە بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.
بڕیارە سبەی هەینی كاتژمێر 6:30ی سەرلەئێوارە ڕێوڕەسمی دەستپێكردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی دهۆك ئەنجام بدرێت، دواتریش یانەی دهۆك لە یەكەم یاریی خولەكەدا بەرامبەر یانەی زەوڕا یاریی بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.