Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 21:32

مژدەیەك بۆ قوتابیانی 12ی ئامادەیی: ئەمساڵیش لە زانكۆ و پەیمانگاكان زۆرترین دەرفەتی خوێندن دەڕەخسێنرێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ یاریدەدەرانى سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

لە سەرەتادا د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی خواست کە لە ئێستادا لەنێو پرۆسەى تاقیکردنەوەکاندان، دواتر سوپاسى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتى تۆمارى زانکۆکانى کوردستانى کرد بۆ ماندووبوون و شەونخونیان و خزمەتکردن بە نەوەى داهاتووى هەرێمەکەمان و سەرکەوتنى پرۆسەى وەرگرتن.

د. ئارام محەمەد قادر دووپاتی کردەوە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دانانى میکانیزم و پلان و ئامادەکارییە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستییەکانى بازاڕى کار.

گوتیشی: وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان فەراهەم دەکات.

لەبارەى پرسى دارایى و بارودۆخى قوتابیان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاگەیاند: بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى قوتابیان گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لەو پێناوەى پارە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە دیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجانمان، بەڵێنیش دەدەین بە هەمان سیاسەت و ستراتیژ بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن بە رۆڵەکانى وڵاتى خۆمان.

سەبارەت بە پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین لەنێوان زانکۆکان کە لە داهاتوویەکى نزیکدا دەست پێ دەکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم زانکۆکانى راسپارد بەو پەڕى لە خۆبوردووى و دڵسۆزییەوە، هاوکارى ئەو فێرخوازانە بکەن کە دەیانەوێت پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین لەنێوان زانکۆکان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى لەنێو خانەوادەکانیان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.