Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 17:34

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: تۆمەتبارانی سووتاندنی بازاڕەکانی ھەولێر، دھۆک و کەرکووک سەربە پەکەکەن

کوردستان TV
100%

 سێ کەس بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانى ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و بەغدا دەستگیرکران کە سەر بە ڕێکخراوی  پەکەکەن.

عەمید میقداد میری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، ھێمن میرانی لە بەغدا گوتی: لە کۆتایی ساڵی 2023 و سەرەتای ساڵی 2024، ژمارەیەک ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە 17 شوێن لە کەرکووک تۆمارکراون، دواتر ئاگر لە بازاڕێکی میللیی دھۆک کەوتەوە، پاشان لە ھەولێر ئاگر لە چەند بازاڕێک کەوتەوە و ئەمەش ئاماژەیەک بوون کە تۆڕێکی مەترسیدار لە سووتاندنی ئەو بازاڕانە تێوەگلاوە.

باسیان لەوەش کرد کە دوای بەداواچوون و لێکۆڵینەوەکان، تۆڕێکی مەترسیدار کە لە سێ کەس پێکھاتووە بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانی ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و بەغدا دەستگیرکران.

گوتیشیان: دەستگیرکراوەکان کە سەربە پەکەکەن بازاڕەکانی قەیسەریی، لەنگە و بازاڕی نیشتمان له‌ هه‌ولێر، بازاڕێکی میللی لە دھۆک و بازاڕی قەیسەریان لە کەرکووک سووتاندووە، ھەروەھا پلانییان ھەبووە لە وڵاتانی دیکەش بازاڕ بسووتێنن.

ئاشکراشیان کرد: ئەو سێ تۆمەتبارە، پلانیان هەبووە کە ھێرش بکەنە سەر وێستگەکانی سووتەمەنی و کارەبا لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ھەروەھا پلانیان ھەبووە بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە کەرکووکەوە بۆ جیھان، بتەقێننەوە.

 باسی لەوەش کرا کە بەھۆی سووتاندنی ژمارەیەک بازاڕ لە ھەولێر، دھۆک، کەرکووک لەلایەن ئەو سێ تۆمەتبارەوە، زیانێکی زۆری ماددی بە کاسبکاران گەیاندووە.

ڕاشیگەیاند کە لەمیانی لێکۆڵینەوەکاندا، سێ تۆمەتبارەکە دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکانیان ناوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەمبارەیەوە بەردەوامن.

لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ چەندین جار ئاگری گەورە لە ژمارەیەک بازاڕ لە ھەولێر، دھۆک و کەرکووک کەوتنەوە کە بەھۆیەوە دوکانێکی زۆر سووتان و زیانی زۆری ئابووریش بەر کاسبکاران کەوت و تا ئێستاش بەشێک لە بازاڕەکان بەهۆی سووتانەوە، لە ژێر نۆژەنکردنەوەدان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.