Erbil 12°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 12:25

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی دارایی: پەلە بكەن لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی شەش بۆ بەغدا

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد پەلە بكەن لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، داواشی لە وەزارەتی دارایی عێراق كرد بە زووترین كات مووچەی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەكان رەوان بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ تاوتوێكردنی بابەتی مووچە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کورتەیەکیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتی مووچە خستەڕوو.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوامبن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوامبن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.

سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان، داوا کرا کە وەزارەتی دارایی عێراق بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.