Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 17:21

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی بابەتەكانی مووچە و دۆخی كارەبا و وادەی هەڵبژاردن كرا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی ئێستای خزمەتگوزاریی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارەیی کارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو.

وەزیری کارەبا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، ئەمەش ئەنجامی چاکسازییکردن لە سێکتەری کارەبا بووە.

وەزیری کارەبا باسی لە هۆکار و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە، بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا 3989 مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمانکاتدا وەزیری کارەبا هۆکارەکانی کەمی کارەبای خستەڕوو کە بریتین لە کەمی غازی سروشتی پێویست بۆ بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەم خزمەتگوزارییە.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاریی پێویست.
لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبای پەسەندکرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 ڕێژەی داشکاندنی سەرەوە بەردەوام دەبێت.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێک لەلایەن پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ئەمساڵی حەج و ڕێکارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە. هەروەها بابەتی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەیدا بەوەی کە ژمارەی حاجیانی هەرێم 4685 کەس بوون و وەزارەت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وبەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیاربوون لە سەلامەتی و هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعوودیە و بەدواداچوونی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتیکردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم، هاوەڵی حاجیانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستیان، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخانکردبوو بۆ حاجیان.

سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران دڵگرانی و سەرەخۆشی وهاوخەمی لەگەڵ بە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبووان دەربڕی و وەزارەتی ئەوقاف  وکاروباری ئایینیشی ڕاسپارد کە بە هەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەو حاجیانە بکۆڵنەوە و هەموو ڕێکارێک بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوو.

هەر سەبارەت بەم بڕگەیە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی حاجیانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی ستافێکی تەندروستی لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی کە هاوسەفەری حاجیان بوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە حاجیان.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و ڕێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ کرا، لەوانە لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم، بەبانکیکردنی مووچە، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەکگرتووی سەرجەم دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی ڕێکخستنەوەی مینحەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کورتەیەکیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتەکانیان خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوامبن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوامبن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.

سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکانیش، داوا کرا کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە، ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

لە کۆتاییدا سەبارەت بەدیاریکردنی ڕۆژی 2024/10/20 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشوازیکردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.