Erbil 20°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 01:16

دانوستانەکانی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی دەستی پێکرد

کوردستان TV
100%


وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کە هاوکات سەرۆکی خولی یەکێتیی ئەورووپایە، ھاژا لاھبیب، لە ڕێوڕەسمێکدا کۆنفرانسی دانوستانی نێوان حکوومەتەکانی بە مەبەستی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەورووپا کردەوە.

لاھبیب ڕایگەیاند، "ئەوە بۆ هەموومان کاتێکی مێژووییە و وەرچەرخانێکە لە پەیوەندییەکانماندا".

سەرۆکی خولی یەکێتیی ئەورووپا وێڕای ئیدانەکردنی ڕووسیا کە دەستپێشخەری جەنگ بۆ سەر ئۆکراینا بووە، گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی خۆی بۆ ڕەوایەتی ئۆکراینا بە مەبەستی پاراستنی سەرەوەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی خۆی لە جەنگ دژ بە ڕووسیا دووپات دەکاتەوە. یەکێتیی ئەورووپا سوورە لەسەر ئەوەی کە پشتیوانی بکات لە هەوڵەکانی ئۆکراینا بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی".

لاهبیب جەختی لەوەش کردەوە کە دانوستانەکانی کە ئەمڕۆ دەست پێدەکەن، سەخت و ئەستەم دەبێت بەڵام سوورن لەسەر بە ئەنجام گەیاندنی و گوتیشی، "وەک یەکێتیی ئەورووپا تامەزرۆی پێشوازیکردن لە ئێوەین وەک ئەندامێکی تەواو لە یەکێتییەکە".

هاوکات، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا دێنس شمیگال کە بە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە کردبوو، ڕایگەیاند: "ئەوە ڕۆژێکی مێژووییە لە یەکێتیی ئەورووپا و ئۆکراینا و کات و ساتێکی مێژووییە".

شمیگال ڕاشیگەیاند کە ئەوان دڵنیان لە ویست و داخوازییە ئەرێنییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و لەم بارەیەوە گوتی: "لە داهاتوودا ئۆکراینا لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییە هەموو هەوڵەکانی وەک وەڵامدانەوەیەک دەخاتە گەڕ بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی ئەورووپا".

ئۆکراینا، چوار ڕۆژ دوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، لە 28ی شوباتی 2022دا داوای ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپا کردبوو و خواستەکەی لە 23ی حوزەیراندا وەرگیرا و لەو ڕۆژەدا بڕیار درا کە دانوستانەکان بۆ ئەم مەبەستە دەست پێ بکەن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.