Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:37

ملیارێك و 500 ملیۆن دینار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی هەولێر تەرخان كرا

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بارەى کێشەى کەمئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر ئەنجامدرا، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بە تەرخانكردنی بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە گەڕەكەكان.

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتى كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر، جەختى له‌ سه‌ر خێڕاترکردنى هەنگاوەکانى چارەسەرى ئەو پرسە کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر ئیدارەى ئەو پرسە بدەن لەو چەند مانگەى هاوینى ئەمساڵ.

هەروەها لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێی لە هەولێر و دەوروبەرى و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەموکوڕییە تەکنیکیی بیرەکانى هەموو ئەو شوێن و جێگایانەى لە گه‌ڕه‌كه‌كان دەبنە هۆکارى دروستبوونى کەمئاوى و بەستنەوەیان بە کارەباى (24 کاتژمێرى نیشتیمانى و مولیدەکان) کە بۆ (247 بیر) لە ناو شارى هەولێر دابینکراوە بە پێویستی زانى و لەوبارەیەشەوە ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌ى ڕاسپارد لە زووترین کاتدا هه‌نگاوی كرده‌یى پێویست بگرنه‌به‌ر.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچوونی ئاماده‌بووان لەبارەى گرفت و كێشه‌کانى كه‌مئاوی و چۆنیەتى چارەسەرکردنیان، پارێزگارى هەولێر جگە لە تەرخانکردنى گوژمەى (1 ملیار و 500 ملیۆن دینار) وەک فریاگوزاری بۆ دابینکردنى پێداویستى و چارەسەرکردنى کەموکوڕى و گرفتەکانى کەمئاوى، چه‌ند بڕیارێكی ترى پێویستیشى دا لەوانە بەردەوامبوون لە سەر بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر تۆڕەکانی ئاوی خواردنه‌وه‌ى ماڵان.

لە کۆتایشدا، وێڕاى تەئکیدکردنەوەى لە هەماهەنگى و هاوکارى هاووڵاتییان له‌گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە به‌ فیڕۆنه‌دانی ئاو، بڕیارى پێکهێنانى هێڵێکى گەرم درا لە سنوورى هەر شەش بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکانى هەولێر، کە لە کاتی دروستبوونی هەر حاڵەت و گیر و گرفتێکى کەمئاوى و چارەسەرکردنى پێویست، هاووڵاتییان و دانیشتوانى ناو شارى هەولێر دەتوانن پەیوەندى بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.