Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 07:40

وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە و ڕایگەیاند كە جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرینگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.

پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەشت بانکی ئەهلی و حکوومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕپێکراون و ڕەزامەندیی بەشداریی پرۆژەکەیان پێدراوە.

وەزیری دارایی بڕیاری دا چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاری کراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، هەروەک بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا 1ی ئەیلوولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دواین داتا و ئاماری پرۆژەکەیان خستەڕوو بە جۆرێک كە تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەش کراوە، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاری لە سەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون، بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ڕێژەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.

هاوکات تا ئێستا 94 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بەپێی دوایین ئامارەکانیش تا ئێستا لیستی نزیکەی 4500 فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.

پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەکی گرینگ و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیران بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی دابینکردنی چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی و دەستەبەرکردنی سیستەمی شەفافییەت و کارئاسانییە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران تا بتوانن بەشێوەیەکی سەردەمییانە مووچەکانیان وەربگرن و لە داهاتووشدا کارمەندانی کەرتی تایبەتیش سوودمەندبن لە پرۆژەکە.

پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران (توطين رواتب)، جگە لە دەست ڕاگەیشتنی مووچە بە ئاسانترین شێوە فەرمانبەر دەتوانێت هەرکات و لە هەر کوێ بێت مووچەکەی ڕابکێشێت و سوودمەند بێت لە خزمەتگوزاری کڕین و فرۆشتن لە ڕێی سیستەمی ئۆنلاین و دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە پارە بنێرێت و پارەش بخرێتە سەر هەژمارەکەی، ئەوە جگە لە سودمەندبوون لە چەندین قەرز و پێشینەی بانکەکان بۆ هاوسەرگیری و خانووبەرە و چەندین بواری تر، وە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەژمارەکەتەوە هەبێت و هەرکات بتەوێت دەتوانیت تەواوی مووچەکەت ڕابکێشیت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.