Erbil 29°C سێشەممە 17 ئەیلوول 19:39

هاووڵاتییانی بەغدا سەریان لێ شێواوە.. نە بەهۆی گەرما دەتوانن بێنە دەرەوە و نە بەهۆی بێ كارەبایی لە ماڵ دەحەوێنەوە

کوردستان TV
100%

ماوەی چەند رۆژێكە بەتایبەت لە سێ رۆژی رابردووی جەژنی قورباندا دۆخی كارەبا لە تەواوی عێراق بەتایبەتیش لە بەغدای پایتەخت ئەوەندە خراپ بووە هاووڵاتییانی هەراسان كردووە، بە جۆرێك نە دەتوانن لە ماڵەوە بحەوێنەوە لەبەر بێ كارەبایی، نە دەشتوانن بێنە دەرەوە لەبەر تیشكی خۆر و گەرمای بەتین.

ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم) لەسەر زاری ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا گواستوویەتییەوە كە رۆژانە سەدان سكاڵا و ناڕەزایەتییان لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاراستە دەكرێ بەهۆی خراپی دۆخی كارەبا و بەرزی پلەكانی گەرما.

ئەمە لەكاتێكدایە كە وەزارەتی كارەبای عێراق بەر لە هاتنی وەرزی هاوین بەڵێنی دابوو دۆخی كارەبا بۆ ئەمساڵ زۆر لە پارساڵ باشتر بكات، بەڵام بەڵێنەكە پێچەوانەكەی دەرچووە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پێی وایە نادادپەروەری لە دابەشكردنی كارەبا لە بەغدا و لە تەواوی عێراقدا هەیە، چونكە هێنانی غاز لە ئێران بەهەمان قەبارەی ساڵانی رابردوو بەردەوامە و جگە لەوەش وێستگەكان لەرووی چۆنایەتی و چەندایەتی باشتر بوون.

ئاماژەی بەوەش دا كە هاووڵاتییانی بەغدا هاواریان لێ هەڵساوە بەوەی كە لە رۆژدا ناتوانن بێنە دەرەوە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما، بەهەمانشێوە ناتوانن لە ماڵەوەش بحەوێنەوە بەهۆی پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبا، ئیتر ئەمەیە بارودۆخی هاووڵاتییان لە بەغدا بەهۆی چارەسەرنەكردنی دۆخی كارەبا لەماوی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوودا.

بەگوێرەی زانیارییەكان لە ساڵی 2003 و لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، لە عێراق تا ئێستا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا خەرج كراوە، بەڵام هێشتا گرفتەكە بەردەوامە و بگرە ساڵانە دۆخەكە خراپتریش دەبێت.

هەرچەندە لەلایەن وەزارەتی كارەبا و پسپۆڕانەوە چەند جارێك ناوەڕۆكی كێشەی كارەبا دیاریكراوە پەنجە لەسەر برینەكە دانراوە، بەڵام حكوومەت دەستەوسان بووە لە چارەسەركردنی گرفتەكە، ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەڵێن دەدرێت و لە هاوینیشدا كاتێك پلەكانی گەرما دەبێتە 50 پلەی سیلیزی، بەڵێنەكانش دەبن بە هەڵم.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.