شەوی ڕابردوو لە کاتی بەتاڵکردنی ماددەی خام لە بارهەڵگرێک لە گۆڕەپانی پاڵاوگەیەکی سەر ڕێگای هەولێر- گوێڕ، بەهۆی کارەباوە ڕووداوێکی ئاگر کەوتەوە.
ماوەی نزیکەی 20 کاتژمێر ئاگرەکە بەردەوامە و چەند تیمێکی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن لە شوێنەکەن، تا ئێستا 10 کارمەندی بەرگری شارستانی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، سێ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانی و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئاگرکوژێنەوەی تایبەت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەھۆی تەقینی کۆگاکانەوە سووتاون.
لەکاتی تەقینی کۆگاکان، چەند جارێک دەنگی بەهێز لە نێو ئاگرەکە دەبیسترا و دواتر بڵێسەی ئاگرەکە بە گوڕتر دەبوو.
کۆگاکان ماددەی خامی تيدایە و ئەمەش ئەرکی پیاوانی ئاگرکوژێنەوەی سەختر کردووە هەر بۆیەش لە سەرەتادا وێڕای هەوڵێکی زۆر بۆ کوژاندنەوەی بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بێئومێد بوون و داوای هاوکارییان لە بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە کرد و ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکان گەیشتبوونە شوێنەکە بەڵام بەهۆی زۆری قەبارەی ئاگرەکە نەتوانرا ڕێگریی لە تەشەنەکردنی بکرێت.
لە کاتژمێر 3ی بەرەبەیان ئامێرەکانی بیناسازی وەک شۆفڵ، لە چوار دەوری ئاگرەکە هەوڵی ئەوەیان دەدا کە پەرژینێک بە خۆڵ دروست بکەن وەک ڕێگرییەک لە پەڕینەوەی ئاگرەکە بۆ پاڵاوگەکانی دەوروبەری.
تا ئێستا ئاگرەکە بەردەوامە و تیمەکان وێرای ئەوەی کەخەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکرێت تا ماددە خامەکە بەتەواوی دەسووتێت.
پاڵاوگەکە بە دووری 30 کیلۆمەتر کەوتووتە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر و تا ئێستاش زیانە ماددییەکانی دیارنین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.