Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 21:02

ئەمەریكا هۆشداری بە هاووڵاتییانی دەدات: سەردانی عێراق نەكەن

کوردستان TV
100%

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا پەیامێك ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییانیان دەكەن و تێیدا هۆشدارییان پێ دەدەن بەوەی كە لە ئێستادا سەردانی عێراق نەكەن بەهۆی مەترسی هێرشەكان بۆ سەر چێشتخانە و شوێنە بازرگانییەكان.

ئەم هۆشداری و ئاگادارییەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی پەیامێكی ئەلیكترۆنی ئاراستەی هاووڵاتییان كراوە.

لە پەیامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكادا هاتووە كە مەترسی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر چێشتخانە و شوێنە بازرگانییە ئەمەریكییەكان لە شاری بەغدا هەیە، بۆیە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان رەچاوی دۆخەكە بكەن و بەوپەڕی ئاگادارییەوە مامەڵە بكەن.

هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی كراوە بەهۆی هەستیاری دۆخەكە سەردانی عێراق نەكەن، چونكە رەنگە دووچاری رفاندن یان رووبەڕووبوونەوەی چەكداری یاخود توندوتیژی ببنەوە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكان.

ئەم هۆشدارییەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا بەهەمانشێوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هۆشدارییەكی دیكەی بەپەلە و توندی ئاراستەی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی عێراق كردبوو.

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتبووی: ئەندامانی حەشدی شەعبی لە چالاکییە توندوتیژی و ناسەقامگیرییەكان لە عێراق و سووریا بەشدارن، ئێمە نیگەرانین لەوەی كە ئەندامانی حەشدی شەعبی گوێڕایەڵی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق نابن و لە چالاکی توندوتیژی و ناسەقامگیریدا لە عێراق و سووریا بەشدارن".

هەروەها گوتبووی: هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکی و هاوپەیمانان و سەربازانی سوپای عێراق و شوێنە بازرگانییەکان، ئاسایش و ئابووریی عێراق پێشێل دەکەن، بۆیە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و حکوومەتی عێراق دەكەین جلەوی ئەو لایەنانە بکات و بە بەرپرسیاریان دابنێت لە بەرامبەر پێشێلكردن و شکاندنی یاسادا".

لە رۆژانی رابردوودا لە شاری بەغدا لەلایەن ئەندامانی گرووپە چەكدارەكان چەند جارێك هێرشكرابووە سەر چێشتخانە و شوێنە بازرگانی و براندە ئەمەریكییەكان، بەهۆی ئەوەی ئەو براندە ئەمەریكییانە تۆمەتباركرابوون بە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئیسڕائیل لە شەڕی كەرتی غەززە لە فەڵەستین.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.